دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

ئەمریکا بەهەنگاوی کرداری ئێران گەمارۆ دەدات

هەرێم نیوز

ئەمریکا لە گەمارۆدان و پەکخستنی ئێران توندتر بووە و سوورە هەنگاوی کرداریی دەنێت دژی هەژموونی وڵاتی ئێران لە ناوچەکە، لە نوێترین هەنگاودا سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی گشتگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وڵاتانی عەرەبی دروست دەکات. لەولاشەوە ئیسرائیل بەهێرشە ئاسمانییەکانی تەواوی سەرکردە و فەرماندەکانی بەتایبەت لە هێرشی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا ڕیشەکێش کردووە و هێزی ئێرانی لە ناوچەکە لاوازکردووە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گەشتەکەی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی عەرەبی کۆبووەوە، کە ئەم ئەنجوومەنە لە شەش وڵاتای عەرەبیی کەنداو پێکهاتوون. ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند، وڵاتانی عەرەبی دەبێت سیستەمێکی بەرگری یەکگرتوویان لە دژی ئێران هەبێت.

لە کۆبوونەوەکەدا داوای ئەوەی کرد کە پێویستە ئەم وڵاتانە لە ڕووی سیستەمی بەرگرییەوە لە بەرامبەر ئێران و هێرشەکانیدا بەهێز و یەکپارچە بکرێن.

بلینکن کە بۆ حەوتەمین جار لە دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حە.ما.س لە کەرتی غەززە گەشتی بۆ ناوچەکە کردووە، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ڕیاز لە "ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو" جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمریکا لە هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ ئەم ئەنجوومەنەکە، لەسەر یەکخستنی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی کاردەکات و باسیشی لە بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی دەکات.

ئەمە یەکەم سەردانی بلینکنە بۆ ناوچەکە دوای ئەوەی ئێران و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر یەکتر.  ناوبراو ئاماژەی بە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کرد و وتی: ئەم هێرشە وێڕای ئەوەی مانای زیادبوونی هەڕەشەی توندی ئێرانە، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە هاوکاری لە بواری بەرگریی یەکگرتوودا چەندە پێویستە.

لە ئێستادا ئەمریکا پەیوەندی سەربازی بەهێزی لەگەڵ هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکانی کەنداو هەیە. بلینکن لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وڵاتانی عەرەبی کەنداو لە ڕێگەی پەیوەندی نزیک لەگەڵ ئەمریکا یەکگرتوویی و ئاشتی زیاتریان بۆ داهاتووی خۆیان و ناوچەکە هەڵبژاردووە.

ئەوەی ئەمریکا بەدوایدا دەگەڕێت، ئەوەیە وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەمریکا هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ پەیوەندی ئاسایی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی خۆش بکات.  تا ئێستا وڵاتی ئیمارات و بەحرەین دانیان بە ئیسرائیلدا ناوە، بەڵام واشنتۆن هەوڵدەدات سعودیەش ڕازی بکات و بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەکانی بەردەوامە.

بەسەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە ئێران زیاتر گۆشەگیردەکرێت و ئەمریکا و ئیسرائیل گورزێکی توند لە ئێران دەدەن. لە کاتێکدا ئێران چەندان ساڵە هەوڵدەدات دژایەتی ئیسرائیل بکات و هەژموونی خۆی لە وڵاتانی عەرەبی بەهێزبکات.

بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، ئیسرائیل لە هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، سەرجەم زنجیرە فەرماندەکانی ئێرانی کوشتبوو، کە بەرپرس بوون لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و بەمەش، ئێران لەڕووی سیاسەتی دەرەوە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاوازتر بوو.

لەلایەکی دیکەوە حوسییەکانی یەمەن بە هاوکارییەکانی ئێرانەوە هەوڵی تێکدانی ڕێگای بازرگانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور دەدەن، ئەمەش هۆکارێک بووە بۆئەوەی جیا لە ئەمریکا، بەریتانیاش ڕووبەڕووی ئێران بوەستێتەوە بە هێرشی بۆ سەر حوسییەکان و، لەلایەکی ئەو وڵاتانەی زیانیان پێگەیشتووە بەهێرشی حوسییەکان، یەکبگرن و دژ بەئێران بوەستنەوە.

بەڵام ئەوەی زۆرتر جیهانی دژ بەئێران وروژاند، هێرشە ڕاستەوخۆکەی ئێران بوو بۆ سەر ئیسرائیل، ئەگەرچی هیچ زیانێکی ئەوتۆی بە ئیسرائیل نەگەیاند. بەڵام وای کرد ئەمریکا لە ڕێی وەزارەتی گەنجینەی خۆیەوە گەمارۆ و سزای زیاتری ئابووری بخاتە سەر ئێران.

هاوکات وڵاتانی ئەوروپیش بەهەمان شێوە، لە ڕێگەی پەرلەمانی ئەوروپاوە سزا و گەمارۆی نوێیان خستە سەر ئێران و دەیانەوێت سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP