دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

وەزیری پەروەردەی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە

هەرێم نیوز

ئەمرۆ سێشەممە لە بەغداد ، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم سەردانی محمد شیاع  سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد، لەسەرچەند پرسێکی گرنگی پەروەردەیی گفتوگۆیان کرد.

ئالان حەمەسەعید لەمبارەیەوە ڕایگەیاند:

لە کۆبوونەوەکەدا نووسراوی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژم  پێگەیاند سەبارەت بەتەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوە پێویستەکانمان ئەنجامداوە و چاوەڕوانی دەرئەنجام و وەڵامی فەرمی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین . 

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان کردەوە لەپشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە رێککەوتنی عێراق - چین کە هەرێمی کوردستان تا ئێستا پشکی خۆی لە دروستکردنی ئەو قوتابخانانە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرلەنوێ نوسراوێکی دیکەمان پێشکەشکردن بەمەبەستی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی پەروەردەیی نوێ . 

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی خوێندنی قوتابخانەکانی  فیدراڵی  لە هەرێمی کوردستان و بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن تیایاندا، لەوبارەیەوە هاریکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستانمان نیشاندا بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندنی قوتابیانی ئەو قوتابخانانە.

ئالان حمەسعید صالح
  وەزیری پەروەردە
      ۳۰ی٤ی۲۰۲٤



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP