دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵی لەنێوان راستکردنەوە و یەکلایی کردنەوەدا

هەرێم نیوز

حاکم رزگار حەمە ئەمین، دادوەرى بەناوبانگى کوردستان و عیراق لە لێداونێکى تایبەتى (هەریم نیوز) دا دەڵێت: بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆیی دادگاى فیدراڵی عێراق، بڕیارەکانى -بات- و یەکلاکەرەوەن و شایانى تانە لێدان نین، بەڵام لە بڕگەیەکى دیکەدا هاتووە کە خودى دادگاکە دەسەڵاتى ئەوەى هەیە کە پێداچوونەوە بکات بە بڕیارێکى پێشوویدا و وەک دەگوترێت -عدول- بکات، وەک ئەو پسپۆڕە یاساییە باسیدەکات رێککارەکەى تۆمارکردنى داوەیەکى نوێیەو دەبێت لە لایەنێکەوە پێشکەشى ئەو دادگایە بکرێت، ئەو ئاماژە بەوە دەکات بەگوێرەى مادەى 45 لە پەیڕەوى ناوخۆی دادگاکە ئەو دەسەڵاتەى هەیە گۆڕانکاریی لە بریارەکەیدا بکات و پێداچوونەوەى بۆ بکات، لەبەر ئەوەى ناتوانرێت بریار لەسەر خۆی بگۆریت، بەڵام دەتوانێت پێداچوونەوەى تێدا بکریت، ئەمە وتەکانى ئەو پسپۆڕە یاساییەى کوردستان و عێراقە کە تا ئێستا کەم کەس  لە شارەزایان و سیاسییەکانى کوردستان باسیان لێوەکردووە. 

هەربۆیە دەکرێت لایەنێک یان کەسانێک بچنە پێشەوە و لەسەر بنەماى مادەى 45 ى پەیڕەوى ناوخۆیی دادگاى فیدراڵی سکاڵاى پێداچوونەوە بکەن و بەشێک لە مافە زەوتکراوەکانى هەرێمی کوردستان بگەڕێننەوە سەر ڕێڕەوە ئاساییەکەى خۆی و ئەمەش دەروازەیەکى باشە بۆ ئەوەى ئەو دادگایە زیاتر لە دادپەروەییەوە نزیک بێت و ستەم لە کەس و لایەنەکان نەکرێت، وەک ئەو بریارانەى کە پێشتر لە بەرامبەر هەرێمى کوردستاندا دەریکردوون.

ئەم دەروازە یاساییە شارەزایان، پسپۆڕان ، یاساناس و خەمخۆرانى هەرێمى کوردستان دەخاتە بەردەم دوو رێیانێکى یەکلاکەرەوە، ئەویش ئەوەیە لە ئەگەرى بێدەنگى هەڵبژاردندا ئەو بڕیارانەى لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە دەرکران و بەتەواوەتى بخرێنە بوارى جێبەجێکردنەوە کە لە زیانى تەواوى پێکهاتەکان و چین و تویژەکان دەدات، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر چەند کەسێک بە ئەرکى ئاسایی و یاسایی خۆیان هەستن و بچنە بەردەم داداگا و سکاڵابکەن و بەڵگەکانیان بخەنەڕوو بێگومان قازانجی باشی لێدەکرێت و مافە زەوتکراوەکان لەڕێگەى خۆیەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئاخۆ کێ ئەم کارە دەکات و چۆن دەتوانێت دەست بۆ ئەو بابەتە یاساییە دەبات؟

گومانى تێدا نییە لە سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانى سەرجەم وەزارەتەکاندا بەشى یاسایی هەیە، راوێژکارە یاساییەکانى سەرۆکایەتى حکومەت و سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەبێت ئەم پرسە تاووتوێ بکەن و بە خێرایی سکاڵاى تەزەڵوم پێشکەش بکەن، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو دەبێت لەو بارەیەوە چەندین چالاکی و وۆرکشۆپی لەسەر ئامادەبکەن بۆ ئەوەى بزانن بەچ ئاراستیەک کارى لەسەر بکەن و رێگەکانى گەڕاندنەوەى ئەو مافەکان لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت و بەکوێ دەگات، بێگومان ئەم کارەش هێندە سەخت و عاسى نییەو دەکرێت لە زووترین کاتدا بڕیارى لێبدەن و ناوى خوداى لیبهێنن.

بە سەرنجدان لە گەشتەکەى ئەم دواییەى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد و بینینى سەرکردە سیاسییەکان و لەناویاندا سەردانى دادگاى فیدراڵی و گفتوگۆکانى لەگەڵ فایەق زێدان دەردەکەوێت کە نیەتێکى باش لە پشتى جموجوڵ و بۆچوونەکانى هەمووانەوە هەیە، بەڵام ئەوەیە نایانەوێت راستەوخۆ بیدرکێنن و خۆیان ناخەنە بەردەم ئەو شەپۆلە ناڕازییانەى کە لە شەقامى عەرەبیدا هەیە و دەیانەوێت لە رێگەى یاساییەوە ئەنجامى بدەن کە ئەوەیە حاکم رزگار پاکی کردووەو خستوویەتیە بەردەستى هەمووان، خۆ ئەگەر لەبەر هەرهۆکارێک کەسانى سیاسی و ناوداری ئەم نەتەوەیە لەبەر هەرهۆکارێک ناتوانن ئەم کارە بکەنت ئەوا حەقوایە هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان هەنگاوێکى لەو شێوەیە بهاوێژن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP