دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

د. بەشیر حەداد: لەیەنە سیاسییەکانی عێراق بەوە ڕازی نابن کە پارتی بەشداری هەڵبژاردن نەکات

محەمەد جەمال – هەولێر

جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت و دەشبێ داواکانی پارتی جێبەجێ بکرێن.

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەرێم نیوز ڕایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان لە مێژە فشارێکی زۆر گەورەی لەسەرە، فشارەکانیش هەندێک جار فشاری سەربازی و ئابووری بوون، هەندێ جاری تریش بەناوی دەستوور و یاسا ئەم فشارانە کراوە.

وتیشى، بەم دوواییانە کاتێک بینییان کە فشاری سەربازی و ئابووری ئەو کاریگەرییەی نەبووە، هەوڵیاندا ئەمجارە لەڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە فشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکەن و دڵەڕاوکێ لەلای خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست بکەن کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بڕیاری یەکلاکەرەوەن.

دەشڵێت، زۆر جار بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو کێشەی بۆ کۆی گشتی پرۆسەی سیاسی عێراق دروست کردووە.

بەشیر حەداد باسى لەوەشكرد، کە دادگای فیدراڵی لەهەموو وڵاتێکی دەستووری و فیدراڵیدا بەشێک دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و دامەزراندنی سەقامگیریی، بەڵام بەداخەوە لە عێراق بۆتە بەشێک لە کێشەکان، بەتایبەت لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا.

ئاماژە بەوەش دەکات، کە دادگای فیدراڵی عێراق هەندێک لە بڕیارەکانی پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، بەتایبەت لە پرسی کورسی کۆتاکان، لەبەرئەوەی دادگای فیدراڵی کارێکی کرد کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆی بوو، چونکە دەسەڵاتی دادگا حوکم کردنە بەپێی یاسایەک کە هەیە.

ئاشكراشیكرد، دادگای فیدراڵی لە ئایندەیەکی نزیکدا بەو بڕیارەی خۆیدا بچێتەوە و بەشێوەیەک لە شێوەکان گۆڕانکارییەکی تێدا بکات، بۆئەوەی کێشەی کۆتاکان چارەسەر بکات.

سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، بەشیر حەداد  وتی، پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنێکی سەرەکی پرۆسەی سیاسی کوردستان و عێراقە، من پێموانیە بەبێ پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، تەنانەت لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش بەوە ڕازی نابن کە هەڵبژاردن بەبێ بەشداری پارتی بەڕێوەبچێ، هەروەها دەبێ داواکارییەکانی پارتیش جێبەجێ بکرێ، چونکە داواکانی پارتی بنەمای یاسایی و دەستوورین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP