دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

موشەک و درۆنەکانى ئێران و ئەگەرى هەڵکردنى گڵۆپى سەوز لە لایەن ئەمریکاوە

هەرێم نیوز

گڵۆپى کوژاوەى رۆژئاوا لەبەرامبەر پرۆژە ئەتۆمییەکى ئێراندا بەرەو هەڵبوونەوە و داگیرساندنەوە دەچێت، بەڵام ئەمجارەیان بە سەوزیی، پێدەچێت ئەمەش سەردەمى سەرۆکایەتى رەئیسى بۆ ئیرانییەکان و پرۆسەى پیتاندنى یۆرانیۆمەکەیان ببێتە لەدایکبوونێکی سەرلەنوێ و سەردەمێکى زێرین  و ئەگەرى مانەوەى لە سەرۆکایەتیدا بهێڵێتەوە، ئەگەر وابێت ئەوا ئێران بە هێزو ئیرادەیەکى دیکەوە دەچێتەوە نێو رێککەوتننامەى ئەتۆمی، وەک لە راپۆرتێکى -ئەترەک- دا هاتووە کە وەڵامدانەوەى ئێران بۆ ئیسرائیل تا ئێستاش جێگەى تێڕامان و سەرنجەو لەوەش سەیرتر وەڵامە چاوەڕوان نەکراوەکەى ئیسرائیل بوو کە یەک هەفتە هەمووانى لەسەر هێڵ هێشتبوەوەو داواجاریش شتێکی ئەوتۆ نەبوو، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو بەهاى دراوى وڵاتەکەشیان تەکانێکى بەرەو هەستانەوە داو بڕێکیش چووە پێشەوە، جگە لەوەش ناردنى ئەو درۆن و مووشەکە دوورهاوێژەى ئێران بۆ سەر ئاسمانى تەلئەبیب ئەزنەقێکى گەورە بوو لەوەى کە جیهان سەرنجى بچێتە سەر تەکنۆلۆژیاى سەربازیی و بگرە حسابیشی بۆ بکەن، ئەوە جگە لەوەى دەرگای بۆ بازاڕێکى گەورەى چەک وتەقەمەنى ئێرانیش کردەوە، وەک وەزیری دەرەوەش رایگەیاند پازدە وڵات داواى درۆن و مووشەکى دوورهاوێژى ئێرانییان کردووە.

پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و رۆژئاوادا لەبەرژەوەندى گەلانى ئێرانە و توانى دبلۆماسییەتى ئەو وڵاتەش نیشان دەدات و کردنەوەى دەرگاى پەیوەندییە بازرگانییەکانیشی لەگەڵ عەرەبستانى سعودییە یەکێکى ترە لە ئاماژەکان بۆ ئاسایی کردنەوەى ئەو پەیوەندییانە. 

گفتوگۆ نهێنى و ژێرپەردەکاتى نێوان عەلی باقری، جیگری کاروباری سیاسی لە باڵیۆزخانەى ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەمریکی نیشانەى رێگەى بۆ دانوستانێکى ئاشکرایی خۆش دەکات کە چاوەڕێ دەکرێت لە هەفتەکانى داهاتوودا لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بەڕێوەبچێت، بەدەر لەوەى کە فەتواکەى رێبەرى ئێران لەبارەى حەرامى خاوەندارێتى چەکى ئەتۆمەوە دەریکردووە چوون ئەوان پێیان وایە لەژێر پەردەى بەکارهێنانى مەدەنییدا ئەو کارە دەکەن و تەنانەت بەدوور نازانرێت کە سەرەکردە سەربازییەکان بە هەڵە رێبەرەکەى خۆیان تێگەیاندبێت، هەربۆیە دوور نییە بایدن دەرگایەکى ئومێد بەڕووى بەرپرسانى ئێرانیدا بکاتەوەو چرا سەوزەکەیان بۆ دابگیرسێنێت و ئێرانیش هێزی پیتاندنى یۆرنیۆمەکەى دوو هێندە پەرەپێبدات.

پێدەچێت پەیوەندییە دبلۆماسییەکانى نێوان ئێران و ئەمریکا پێ بنێتە قۆناغێکی دیکەو بەشێوەیەکیش بێت کە لەبەرژەوەندى ئێران بێت، وابڕیارە لە میانەى سێ رۆژدا لە 6 تا 8 ى ئەم مانگەدا لە ئەسفەهان یەکەم کۆنفراسی ئەتۆمی بەڕێوەبچێت و 130 پسپۆڕ و چاودێری ئەتۆمی بەشداریی تێدا بکەن و ئەنتۆنى گۆترێسیش بەشداریی تێدا بکات و پەیامى تایبەتى رۆژئاواییەکان بگەیەنێتە بەرپرسانى ئێرانى، و وەک شارەزایان باسیدەکەن ئەم قۆناغە بۆ کۆتایی هێنانە بەو بۆچوونەى کە پێشتر ئیرانى بە تونێلێکى تاریک و دوژمنە سەرەکییەکەى ئەمریکا وێنا بکرێت، هێرشەکەى سەر ئیسرائیلیش ئەو راسیتییەى سەلماند کە زمانى دبلۆماسى لەگەڵ ئێران باشتر وەڵام دەداتەوە لە زمانى هێرش و چەک.

وەک شارەزایان باسیدەکەن ئەمە هەنگاوێکى گەورەیە بۆئەوەى ئابڵۆقە ئابورییەکانى سەرى بەرەو کۆتایی بڕوات و خەڵکی ئیرانیش ئاهێکى خۆشییان بێتەوە بەبەردا و ئەگەر واش بێت بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانى داهاتوو شانسی مانەوەى ئیبراهیم رەئیسى بەرەو سەرەوە دەبات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP