هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەت ئهمڕۆ پێشوازی له شاندێكى ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا كرد كه له سێناتۆر تێد بەد و سێناتۆر جۆنى ئێرنتس پێكهاتبوو.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونهوهکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و مارک سترۆ کونسولی گشتی لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون؛ گفتوگۆ لەبارەی برەودان بە پەیوەنديی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و گرنگیی پاراستنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
شاندی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، پشتگیریی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
مەسرور بارزانی، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی پێشمەرگەدا. جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و هەروەها ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووريی هەرێمی کوردستان کردەوە.
هەروەک لە راگەیاندراوەکەی حکومەتی هەرێمدا هاتوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، لەمبارەیەوە جەختیان لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە بە بەشداری هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کردەوە.