دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

دەزگای ئاسایشی ھەرێم گەورە بازرگانێکی نێودەوڵەتی ماددەی ھۆشبەر دەستگیردەکات

هەرێم نیوز 

دەزگای ئاسایشی ھەرێم گەورە بازرگانێکی نێودەوڵەتی ماددەی ھۆشبەری لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەستگیرکرد، کە پێشتر چەند جارێک بە چەک رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان بووەتەوە.

دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، بەھەماھەنگی بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر و کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگری وورد لەسەر بوونی بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر لەسنوری ئیدارەی راپەڕین، لە ئۆپراسیۆنێکدا توانرا ئەو تۆمەتبارە دەستگیربکرێت و لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا دەستبگیرێت بەسەر بڕی ( سێ کیلۆگرام و نیو) ماددەی ھۆشبەر و چەندین پارچە چەکدا.

ئاماژەی بەوەداوە، ئەو بازرگانە لە سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا کاری بازرگانی ماددەی ھۆشبەری کردووە، ھەفتەی رابردووش بڕێکی زۆر ماددەی ھۆشبەری ناردووە بۆ بەغداد و دەستیبەسەرداگیراوە.

راشیگەیاندووە، ئەو تۆمەتبارە پێشتر چەندین جار بە چەک رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و ھەڵاتووە، لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە ماددەی (٢٥) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان دەستگیرکراوە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP