دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 2 هەفتە

خۆ گۆڕانی لە گرفتێکی تاکییەوە هەنگاو بۆ گرفتی گشتی دەنێت

چراخان حەمە عەزیز

ئاشکرایە مرۆڤ بوونەوەرێکی گۆڕاوەو خاوەن خسڵەتێکی جێگیرو وەستاوی نییە و لە هەمانکاتدا بە بەردەوامی لە هەوڵی بەرەو پێشچوون و پێشکەوتن دایە، جا بۆ باش بێت یان بۆ خراپ. بەڵام ناوەستێت، بەرەوپێشچوون و پێشکەوتنیش یەکێکن لەو دوو وشانەی کە لە تێڕوانینی زۆربەی تاکەکان لێکدانەوەی پۆزەتیڤیان بۆ کراوە، بەڵام مەرج نییە هەموو پێشکەوتن و بەرەو پێشچوونێک هەنگاونان بێت بەرەو پێشەووە.

سروشتی مرۆڤ بابەتێکی ئاڵۆز و مشتومڕی لەسەرە. لە کاتێکدا هەندێک لایەنی سروشتی مرۆڤ، وەک پێویستی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و توانای هاوسۆزی، ڕەنگە لە سەرانسەری کات و کولتوورەکاندا بە یەکسانی بمێنێتەوە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە مرۆڤەکان توانای گۆڕانکارییان هەیە. لە ڕێگەی پەروەردە و ئەزموون و هەوڵی مەبەستدارەوە تاکەکان دەتوانن ڕەفتار و بیروباوەڕ و ڕوانگەی خۆیان بگۆڕن. گرنگە پۆتانسێلی گەشەکردن و گۆڕانکاری کەسی لە چوارچێوەی سروشتی مرۆڤدا بناسرێ.

خۆ گۆڕانی خسڵەت و دۆخێکن کە لە مرۆڤدا ڕوویانداوە و ڕوودەدەن. بەڵام چ کاتێک خۆگۆڕانی تاکێک دەبێتە گرفت بۆ گشت یاخود ئەوانی دیکە؟

کاتێک تاک لە خۆ خراپیەوە بۆ خراپتر، یاخود لە خۆ باشیەوە بۆ باشتر هەنگاو دەنێت، ڕەنگە لە چێوەی گرفتی تاکدا بمێنێتەووە، بەڵام بەو مەرجەی گەر وەک گرفتێکیش لێی بڕوانین، چونکە ئەو خسەڵەتی خۆ خراپ، یاخود خۆ باشی بەوانی دیکە نیشانداوە و پێناسەیەکی بە خۆی بەخشیووە لای ئەوانی دیکە لە پێشتردا، بۆیە دوبارە ئەوانی دیکە بە ناسیندا ناچنەووە. بەڵام خۆ گۆڕانی تاک لە خۆ خراپییەوە بۆ باش، یاخود لە خۆ باشییەوە بۆ خراپ، واتا خۆ گۆڕانێک دژی خۆ گۆڕانەکەی لە پێشتریدا بێت، ئەوا لە گرفتی تاکەوە دەبێتە گرفتێکی گشتی، چونکە لەو دۆخەدا ئەوانی دیکە، یاخود گشت دەکەونە سەرزەنشتکردن و دۆخی شڵەژاویی و هەڵچوون و نا ئومێدی، هەروەها ئەو پرسیارە گەڵاڵە دەبن کە ئایا ئەو تاکە پێشتریش هەر وابووە، بەڵام من نەمناسیبوو؟

لەلایەکی دیکەوە ئەوانی دیکە ناچارن دوبارە ناسینێکی دیکە و وێنایەکی دیکە بۆ ئەو کەسە دروست بکەن و هەمیشەش ترسیان لە دووبارە لە خۆ گۆڕانێکی دیکەی ئەو تاکە هەبێت کە دژی ئەو خۆ گۆڕانەی ئێستای بێت.
مرۆڤ هەمیشە لە کاریگەری خۆ گۆرانی ئەوانی دیکە دەمێنێتەوە و لێی دەرناچێت، چونکە مرۆڤ پەیوەستە بەوانی دیکەووە و لەژێر بار و کاریگەری ئەوانی دیکەدا ماوەتەوە و دەمێنێتەووە. بۆیە ئۆشۆ” لە کتێبی (چرای ڕێگای خۆت بە)، دەبێژێت: مرۆڤ نیگەرانی ئەوەیە چۆن خەڵکی ئەو دەبینن و ئایا خەڵکی ئەویان پێ ڕاستە یان هەڵە، تەواوی ئەو نیگەرانییانە ئارامی و لەسەرخۆیی مرۆڤ لەناودەبەن.

کەواتە هەمیشە مرۆڤ کار بۆ ئەوە دەکات کارێک بکات کە لەو نیگەرانییانەی دەربچێت کە لە نیگەرانییەکانی ئەوانی دیکەووە دۆزیوویەتییەووە.

مرۆڤ هەمیشە نیگەرانی نیگەرانییەکانی ئەوانی دیکەیە لەسەر خۆی، بەو ماناییە کە تاک هەمیشە خواست و ئارەزووەکانی لە ناوچەی ئەوانی دیکەدایە و لە ناوچەی خۆیدا خاڵی بۆتەووە، مرۆڤ بەهۆی ئەوانی دیکەوە دەکەوێتە دۆخی (خۆشحاڵی یاخود نیگەرانی). بەڵام، لە ڕوانگەی (مارک تواین)، کە لە ڕۆمانی(مرۆڤ چییە؟)، دەبێژێت: مرۆڤ لە لانکەوە تا ناو گۆڕ کارێ ناکات، گەر نەزانێت خواست و ڕازەکانی خۆی تیادا بەدی نەیەن. لەدیدی ئەودا مرۆڤ هەر شتێ کە ئەنجامی دەدات، تەنانەت هەر جۆرە لە باشبوون و هاوکارییەک کە لە پێناو ئەوانی دیکە و گشتدا ئەنجامی دەدات، لەپێناو خۆیدایە نەک لە پێناو ئەوانی دیکە و گشتدا. لەدیدی “مارک تواین”، مرۆڤ خسڵەتێکی بەرژەوەندخوازانەو خۆیستانەی هەیە، ئەوان ویستیانەشی لەبەر خۆ ویستانەیەتی، هەر شتێ کە ئەنجامی دەدات لەپێناو خۆیدایە و بۆ خۆیەتی، تەنانەت گەر لە پێناو ئەوانی دیکەشدا شتێک بکات، لەپێناو خۆیدا کردوویەتی.

تێڕوانینی ئەو دوو هزرمەندە تەواو پێچەوانەی یەکدییە، بۆیە گەر ببێژین؛ مرۆڤ لەنێوان دوو تەڕەفدا دابەش بووە بەشێکی بریتییە لە خواستەکانی خۆی،

بەشەکەی دیکەی بریتییە لە خواستەکانی ئەوانی دیکە. ئەوا دژبەری لە نێوان ئەو دوو بۆ چوونەدا دێنە ئارا، چونکە ئەو دوو هزرمەندە لەو دوو وتەیەدا بەتەواوی مرۆڤ دەکەنە یەک بەش و لایان وایە مرۆڤ، یان لەبەر خواستی خۆی دەژی، یان لەبەر خواستی ئەوانی دیکە دەژی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP