دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 1 هەفتە

مه‌سرور بارزانی: لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی چەندان قەیرانی جۆراوجۆر بووینەوە و بەسەر زۆریشیاندا زاڵ بووین

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دیداری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و ئوردن لەژێر ناونیشانی ( وێناکردنی ئایندە لەرێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) لە هەولێری پایتەخت، بە بەشداری شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای ئوردن و ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد وجەختی لەوە کردەوە کە پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامه‌زراوه‌ ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان و دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له‌ ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه‌ یارمه‌تیده‌ری پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابووریمان.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە ناوی خوا گەورە و میهرەبان
میوانان و ئامادەبووانی بەڕێز
زۆر بەخێر بێن
بەخێرهاتنێکی گەرمی میوانانی بەڕێز، شاندی شانشینیی هاشمیی ئوردنی دەکەم بۆ هەرێمی کوردستان و سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم دیدارە گرنگە دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی دەخوازم .
هیوادارم لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، ئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ و بە سوود بخرێنە ڕوو هەروەها ئەم دیدارە، ببێتە مایەی پێشخستنی زیاتری خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان .
ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی شانشینیی ئوردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
خۆشحاڵین کە پەیوەندییەکی لەمێژینە و دۆستانەمان لەگەڵ شانشینیی هاشمیی ئوردنی بەڕێبەرایەتیی خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم هەیە، کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا، هاوکار و پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بووه.
بەڕێزان:
پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامه‌زراوه‌ ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان کە دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له‌ ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه‌ یارمه‌تیده‌ری پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابووریمان.

ڕاستە لە ساڵانی ڕابروودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووینەوە و بەسەر زۆریشیاندا زاڵ بووین، بەڵام چەند کێشە و قەیرانەکانیشمان هەبێت، هەرگیز ساردمان ناکەنەوە لەوەی بایەخ و گرنگییەکی تەواو، بە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی خوێندن و زانکۆکانمان بدەین. پێویستە زانکۆکانمان، هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشەڕێگەیەکی زانستییانەوە ، هاریکاريی حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامەی چاکسازیی هەمەلایەنەی خۆی بدات.

ئێمە چاوەڕوانییەکی زۆرمان لە زانکۆکان هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەر و کارای خۆیان نەک تەنیا وەک مەڵبەندێکی زانستی فێرکاری و پێگەیاندنی نەوەکانمان بگێڕن، بەڵکوو دامەزراوەیەکی زیندووی ڕۆشنگەریی و بزوێنەری نوێخوازی و داهێنانيش بن .

هەمیشە خوازیاری ئەوەین کە ئارامی و سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان بەگشتی هەبێت. لەم چوارچێوەیەشدا، هەمیشە هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە و کاری کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی ئەرێنی هەبێت لە دابينكردن وپاراستنی سەقامگیریدا، چونکە تەنیا لە دۆخێکی سەقامگیردا، دەتوانین کار لە سەر پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان لە هەموو بوارەکاندا بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، کە ئێمە لە ڕووی سامانی مرۆیی و ماددییەوە، هیچمان لەو کۆمەڵگەیانە کەمتر نییە و تەنیا بارودۆخێکی ئارام و سەقامگیر و بەڕێوەبردنێکی ژیر و زانستی و داهێنەرانەمان پێویستە بۆ ئەوەی لە ئاست پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بین.

جارێكی دیكه بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکانمان دەکەم و ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م بۆ سازکردنی ئەم دیدارە و هیوای سەرکەوتننان بۆ دەخوازم.
هەر شاد و سەرکەوتووبن .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP