دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

قائیمقامی هەولێر: لەبازاڕی قەیسەری زیاتر لە 370 دووکان بەتەواوی سووتاوە

 هەرێم نیوز

قائیمقامی هەولێر، 10%ی دوکانەکانی بازاڕی قەیسەری سوتاوە و زیانێکی زۆر بەر دوکانداران کەوتوە، رایدەگەیەنێت، لیژنەی لێکۆڵینەوە دەستیان بەکارەکانیان کردوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەو ئاگرەی دوێنێ شەو دروستبوو لەناو بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر، ڕاستەوخۆ تیمە خزمەتگووزارییەکان و هێزە ئەمنییەکان، بەرگری شارستانی و زێرەڤانی، تیمەکانی تەندروستیی لە ژێر سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر بوونیان هەبوو، توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لە قەیسەری شاری هەولێر نزیکەی چوار هەزار دووکان هەیە، بەڵام بەداخەوە بەپێی ئەو ئامارگیریەی سەرەتاییەی کە  ئەمڕۆ لەلایەن تیمەکان کراوە، زیاتر لە 370 دووکان بەتەواوی سووتاوە. کە دەکاتە ڕێژەی 10% بازاڕەکە".

داواشی لە کاسبکاران و دوکانداران کرد بازاڕەکە چۆڵ بکەن و بڕۆنەوە تا ئەو کاتەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە تەواو دەبێت و دواتر دەکرێتەوە.

قائیمقامی هەولێر دەڵێت: دوکانداران دڵنیا دەکەنەوە کە ئەو کەلوپەلانەی لە ناو دوکانەکانیان ماوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پارێزرگاری لێدەکرێت و رێگە نادرێت هیچ کەس بچێتە ناو بازاڕەکە.

 نەبەز عەبدولحەمید وتیشی، دەبێت هەمو ئەو کەموکوڕییانە چارەسەربکرێن کە دەبنە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە بازاڕەکانی شاری هەولێر، سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانیش وتی: تا ئێستا چەند کەسێک دەستگیرکراون و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کاتژمێر 09:00ـی شەوی ڕابردوو ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP