دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەری هەولێر بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەموو پشتیوانییەک بۆ هەرچی زووتر نۆژەنکردنەوەی، ڕادەگەیەنین.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بەداخەوە هەواڵی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێرم بیست کە بەهۆیەوە جگە لە برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی و کارمەندی بەرگریی شارستانی، زیانێکی زۆری ماددیش بەر کاسبکارانی بازاڕەکە کەوتووە.

هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم و هاوخەمی کاسبکارانی ئەو بازاڕەم کە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان ده‌بێ لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ هۆکارەکانی ئەو ڕووداوە نەخوازراوە بکەن.

سوپاسی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، فریاکەوتن، پۆلیس، ئاسایش و تەندروستی دەکەم کە بەرپرسانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد و بەریان بە تەشەنەکردنی زیاتری ئاگرەکە گرت.

پێویسته هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانه‌ و بەدواداچوونێکی هەمەلایەن بۆ ڕووداوەکە بکرێت، هەروەها کاسبکارانیش زیاتر پابەندی ڕێنمایییەکان و گرتنەبەری ڕێکارەکانی سەلامەت بن.

ئەم بازاڕە شوێنەوارێکی مێژوویی و سیمایەکی جوانی پایتەختی هەرێمی کوردستانە، بۆیە هەموو پشتیوانییەک بۆ هەرچی زووتر نۆژەنکردنەوەی، ڕادەگەیەنین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP