دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

پێشەوا هەورامانی: هیچ رێگریه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ ره‌وانه‌كردنی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان

هەرێم نیوز

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایگەیاند، هیچ رێگریه‌ك و به‌ربه‌ستێك نه‌ماوه‌ بۆ ره‌وانه‌كردنی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و "مه‌رجی به‌غدا بۆ ناردنی موچه‌ جێبه‌جێكرا كه‌ به‌شداریكردنی بانكی TBIیه‌ له‌ سیستمی هه‌ژماری من".

ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی پرسی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی کردوە بە مەرج، بانکی بازرگانی عێراق (TBI) لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە رێککەوتنێک بۆ بەشداریکردننیان لە پڕۆسەیەک کە لە هەرێمی کوردستان ناوی "هەژماری من"ە و لە عێراقیش ناوی "تەوتین"ە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەریەک لە هەژماری من و تەوتین یەک ئامانجیان هەیە ئەوەیش بە بانکیکردنی سیستمی موچەیە، ئێستا کە بانکی تی بی ئای بەشداری لەو سیستمانە کردوە هیچ پاساوێکی یاسایی نەماوە بۆ نەناردنی موچە.

ئەوەشی خستەڕو، بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراق (TBI)  لە هەژماری من و تەوتین مەرجی حکومەتی عێراقی بو بۆ ناردنی موچەی مانگی (نیسان/4)، واتە هەریەکە لە سیستمەکانی "هەژماری من" و "تەوتین" دو سیستمی تایبەت بە بانکیکردنی موچەن و هەردوکیان کاریان پێدەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە 8 ـی 5ـی 2024 وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات" .

ئاماژەی بەوەش کرد، "بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجامدا".

ئەوەشی خستەڕوو،" لە کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا کرا".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP