هەرێم نیوز
لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی گرنگ کراوە و پارێزگاری دڵنیاییداوە کە :" تەندروستى هاووڵاتییان لە سەرووى هەموو شتێکەوەیە و ئامانجى ئێمە وەکوو حکومەتى هەرێم ئەوەیە، باشترین و بەرزترین کوالێتی دەرمان لە شارەکەمان و هەرێمى کوردستان دابینبکرێت. دەشڵێت :"لە هەرشوینێک دەرمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو دەستى بەسەرداگیرا، ڕێکارى توند لەگەڵ ئەو شوێنە و خاوەنکەى بگیرێتەبەر."
ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.5.15، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە چاودێری و پشكنین و كۆنترۆڵی جۆر و کوالێتی و نرخى دەرمان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە پێناوى سەلامەتى گیانى هاوڵاتییان و بەرژەوەندى گشتیى، جەختى لە چاودێریکردنى وردى کەرتی دەرمان کردەوە، گوتیشى: "تەندروستى هاووڵاتییان لاى ئێمە لە سەرووى هەموو شتێکەوەیە و ئامانجى ئێمە وەکوو حکومەتى هەرێم ئەوەیە، باشترین و بەرزترین کوالێتی دەرمان لە شارەکەمان و هەرێمى کوردستان دابینبکرێت، نابێت ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت بەدەر لە رێنماییە زانستی و یاساییەکان دەرمان هاوردە بکات و هەموو جۆرە دەرمانێکى نایاسایی دەستییان بەسەردا بگیرێت".
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر لیژنەى قایمقامیەت ناوەندى و پۆلیسى شارەوانى و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکەى ڕاسپارد لە هەڵمەتى چاودێریکردن و پشکنینی کۆگا و دەرمانخانەکان بەردەوام بن و لە هەرشوینێک دەرمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو دەستى بەسەرداگیرا، ڕێکارى توند لەگەڵ ئەو شوێنە و خاوەنکەى بگیرێتەبەر.
لە کۆتایشدا، داواى لە هاونیشتمانیان کرد، هاوکاری تیمەکان بن و ببنە بەشێک لەگەڵ ئەوان بۆ ڕێگریکردن لە دەرمانى کوالێتی خراپ و ماوە بە سەرچوو.