دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 07/06/2024

ئەمریکا ئیسرائیلی ئاگادارکردەوە: ئێران دێتە جەنگەوە...

هەرێم نیوز

ماڵپەری ئەکسیۆس لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی و بەرپرسێکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئیسرائیلی لەبارەی ئەوەی ناوی لێنابوو "جەنگی سنووردار" لە لوبنان هۆشداری داوە و ڕایگەیاندووە، کردەوەیەکی لەو شێوەیەی ئیسرائیل ڕەنگە ببێتە هۆی دەستوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوبنان لەو شەڕەی ڕوودەدات.

گرژی و شەڕی ناوبەناو لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا کە لە دوای هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.  لە هەمان کاتدا ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای ئیسرائیل و وەزیرانی کابینەی ئیسرائیل داوای چڕکردنەوەی شەڕی دژی حیزبوڵڵای لوبنانیان کردووە و باسیان لە ئامادەیی تەواوی ئیسرائیل کردووە بۆ جەنگ لە سنوورەکانی باکووری لوبنان.

باراک ڕاڤید، نووسەری ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس، بە گێڕانەوە لە بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی کە ناویان نەهێنراوە، نووسیویەتی، پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل بووەتە زیاتربوونی نیگەرانی سوپای ئیسرائیل و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە، هەروەها سەرکردایەتی ئەمریکا و فەرەنسا هەوڵدەدەن چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی گرژی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بدۆزنەوە، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

ڕێگریکردن لە شەڕێکی سەرتاسەری لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان کە دەتوانێت ببێتە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوان لە لوبنان و ئیسرائیل، ئامانجێکی سەرەکیی ئیدارەی بایدن بووە لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی شەڕی غەززە بەرەو ململانێیەکی زۆر فراوانتری ناوچەیی.

بەگوێرەی ئاکسیۆس، ئیدارەی بایدن پێی وایە ئاشتی لە سنووری ئیسرائیل و لوبنان بەبێ ئاگربەست لە غەززە مەحاڵ دەبێت.

بەرپرسانی ئەمریکا بە ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، ئیدارەی بایدن بە ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە کە پێی وایە "جەنگی سنووردار" لە لوبنان یان "جەنگی بچووکی ناوچەیی" بژاردەیەکی واقیعی نییە، چونکە کۆنتڕۆڵکردن و کشانەوە لێی ئەستەمە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەکسیۆس، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل وتوویانە کە ئیدارەی بایدن هۆشداری بە ئیسرائیل داوە، کە هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان، تەنانەت ئەگەر تەنیا لە ناوچە سنوورییەکان بێت، دەتوانێت پاڵ بە ئێرانەوە بنێت بۆ دەستوەردان لە ململانێکان بۆ بەرگریکردن لە حیزبوڵڵا کە گەورەترین هێزی بەوەکالەتی خۆیەتی لە ناوچەکەدا.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، حکومەتەکەی جۆ بایدن بە حکومەتی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر لوبنان، لەوانەیە وڵاتەکە پڕ بێت لەو میلیشیانەی کە ئێران لە سووریا و عێراق و تەنانەت یەمەنیش پشتیوانیان لێدەکەن و ئەوانیش دەچنە پاڵ حزبوڵای لوبنان بۆئەوەی شەڕ لەدژی ئیسرائیل بکەن.
ئاکسیۆس لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی کاردانەوەی حکومەتی ئیسرائیلی لە بەرامبەر هۆشدارییەکانی کۆشکی سپی نەکردووە.

عەلی باقری کنی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەوەکالەت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەفەری بۆ لوبنان و سوریا کردبوو، لە سەفەرەکەیدا لەگەڵ ڕێبەرانی هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران لە ناوچەکە کۆبووەوە و دڵنیایی پێدان کە ئیسرائیل ناتوانێت هێرش بکاتە سەر لوبنان.

دوابەدوای پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە هەشت مانگ لەمەوبەرەوە، زیاتر لە 60 هەزار ئیسرائیلی لە باکور و ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ لوبنان چۆڵکراون و زۆرێک لە گوند و شارۆچکەکانی ئیسرائیل لە نزیک سنوورەکە بە چۆڵی جێهێڵراون.

حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی دووشەممە گەورەترین هێرشی هاوکاتی خۆی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و فەوجێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەریان ئاراستەی ئیسرائیل کرد.  لە ئەنجامی ئەم هێرشانە و کەشوهەوای زۆر گەرم، سەدان هێکتار لە ناوچەی باکووری ئیسرائیل ئاگری گرت و ٤٨ کاتژمێری خایاند بۆ کۆنترۆڵکردنی.

ئاگرکەوتنەوەکان و پەرەسەندنی ڕەخنەی گشتی لە حکومەت لەسەر تاقەتپڕووکێنیی شەڕ لە باکووری ئەو وڵاتە بووە هۆی ئەوەی کابینەی جەنگی ئیسرائیل شەوی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات.

ئاکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە قسەی لەگەڵ کردووە، ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەی کابینەی جەنگدا هیچ بڕیارێک نەدراوە، بەڵام سوپای وڵاتەکە چەند بژاردەیەکی بۆ فراوانکردنی شەڕەکە خستۆتە ڕوو، لەوانە هێرشێکی زەمینی بە ئامانجی پاڵنانی هێزەکانی حیزبوڵڵا بۆ دواوە لە سنوورەکانەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە سەرکردە سیاسییەکان فەرمانیان بە سوپا کردووە کە سەرنجیان لەسەر تێکشکاندن و لەناوبردنی حەماس لە غەززە و دوورکەوتنەوە لە شەڕ لە لوبنان بێت.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە وتی: گۆڕینی ئەم سیاسەتە دەتوانێت لێکەوتەی دوور مەودای هەبێت.

ئاکسیۆس بە پشت بەستن بە ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە نووسیویەتی شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا یان ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار لە لوبنان "دەرئەنجامی گەورەی" بۆ ئیسرائیل دەبێت و جیا لە زیانی دارایی و مرۆیی، پێدەچێت ببێتە هۆی ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا هەوڵی بۆ دەدرێت لە نێوان ئیسرائیل و حەماس پێکدێت.

جەختیشی لەوە کردەوە: بۆیە پێویستە پێش هەر بڕیارێک بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان گرنگی بەم بابەتە بدەین.

پێشتر ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی حوزەیران ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا تا ئێستا بە قووڵی نیگەرانە لە مەترسییەکانی پەرەسەندن بەدرێژایی سنووری ئیسرائیل و لوبنان.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە سەرقاڵی گفتوگۆی دیپلۆماسی چڕ بووین بۆ ئەوەی ئەم ململانێیە بەرەو هەڵکشان نەچێت و لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت.

میلەر وتی: ئیسرائیل لە مێژە بە شێوەیەکی تایبەت و بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ئەم قەیرانە پێ باشترە.

ئاماژەی بەوەشکرد: چڕبوونەوەی ململانێکان دەبێتە هۆی ئەوەی زیانی گیانی زیاتر لەنێو ئیسرائیلییەکان و گەلی لوبناندا بکەوێت، هەروەها زیانێکی زۆر بە ئاسایش و سەقامگیری گشتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەگەیەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP