دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕووسیا هەڵوێستی خۆی لەسەر هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

ڕووسیا هێرشی ئەمریکای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "بە توندی ئیدانە" کرد. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش سەردانی ڕووسیا دەکات و لەگەڵ پوتین کۆدەبێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بڕیاری نابەرپرسیارانە بۆ بەئامانجگرتنی خاکی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بە مووشەک و بۆمب، بەبێ گوێدانە هەر پاساوێک، پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، داوای کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییە دەکەین و هەوڵەکان بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی هەلومەرجی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی دۆخەکە بۆ ڕێبازێکی سیاسی و دیپلۆماسی.

هەروەها ئاندرێ کلیمۆڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا، وتی: جیهان لە پلیکانەی گرژییەکاندا پلەیەکی دیکە بەرەو سەرەوە ڕۆیشتووە، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازیی ئەمریکا لەم ململانێیە، بە فەرمی و ئاشکرا، جۆرێک لە کاردانەوەی زنجیرەیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ گەشتی بۆ مۆسکۆ دەکات و ڕایگەیاند، کە لەم گەشتەدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبێتەوە.

عێراقچی وتی، لە میانی کۆبوونەوەکەدا "ڕاوێژکاری جددی" ئەنجام دەدات.

ڕووسیا یەکێکە لەو وڵاتە کەمانەی هاوشانی چین و میسر کە بە ڕاشکاوی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئیدانە دەکات.

پێشتر کرێملین و پەکین هێرشی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران سەرکۆنە کردبوو.

لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕوسیا و ئێران پەیماننامەی هاوپەیمانی ستراتیژییان واژۆکرد، لە بڕگەی یەکەمیدا جەخت لەسەر هاوکاری سەربازی و ئەمنی دەکاتەوە بەڵام ڕووسیا پابەند ناکات بە چوونە ناو شەڕەوە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP