هەرێم نیوز
رۆژنامەی الشرق الاوسط " لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، سەرچاوه ئاگادارەکان ئاشكرایان كردووە: له ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسیەكان دوو پەیامی هۆشداری نائاساییان له دەوڵه تێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاواییەوه بەدەست گەیشتووە، كە زانیاری جددیان لە خۆگرتووە سەبارەت بە نزیکبونەوەی وەشاندنی گورزی سەربازی فراوان لە عێراق.
بەرپرسێکی عێراقی دووپاتی کردووتەوە، "وڵاتێکی دۆست" بەغدادی لە ناوەرۆكی ئەو هەڕەشەیە ئاگادار کردووەتەوە، پێش ئەوەی میلیشیا شعییەكان سازش بكەن و بڕیاری دانانی چەك بدەن.
رۆژنامەكە ئاماژە بەوەشدەكات: ئەگەری ئەوە هەبوو هێرشەکان دامودەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە گروپە شیعەکان و حەشدی شەعبی بکەنە ئامانج، هەروەها ئەو کەسایەتیانەی کە هەژموونی دارایی و سەربازییان هەیە، هەروەها شوێن و کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک و کەمپەکانی مەشقکردن، واش لێكدەدرێتەوە كە ئەم دوو پەیامە راگەیاندنی دانانی چەكی ئەو گروپانەی خێراتر کردبێت.
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن، ئاستی هەڕەشەکان رووی لە هەڵكشان كردووە سەرەتا بە پەیامی دەوڵەتێکی عەرەبی کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان هەیە، ئەم پەیامە جەختی لەوە کردۆتەوە کە بەغداد زۆر نزیکە لەوەی روبەڕوی هێرشێکی سەربازی هاوشێوەی بەئامانجکردنی مەکتەبی سیاسی حەماس لە دۆحە ببێتەوە.
لە پەیامەکەدا بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی حکومەتی عێراق ئاگادارکراونەتەوە کە ئاستی هەڕەشەکان لەڕادەبەدەر جدییە، بەشێوەیەك ئیسرائیل ئێستا باس لەوە دەکات گڵۆپی سەوز لە ئەمریکییەکان وەرگرتووە بۆ ئەوەی تاکلایەنە لە عێراق مامەڵە بکات.
سەرچاوەکان راشیانگەیاندووە: دوای چەند رۆژێک لە گەیشتنی پەیامە عەرەبیەكە، بەرپرسانی حکومی دۆسییەكی زەبەلاحیان لە دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاواوە پێگەیشتووە کە لیستێكی ئامادەکراو بووە لەلایەن دەزگایەكی ئەمنی ئیسرائیلی و زانیاریی فراوان و وردی لەبارەی گروپە چەکدارەکانی عێراقی تێدابووە ، بەجۆرێك قەبارە و وردی و گشتگیری زانیاریەکان بەرپرسانی عێراقی سەرسام کردووە.
ئەو لیستانەی کە دەزگای هەواڵگرییە رۆژئاواییەكە گەیاندویەتی، زانیاری وردیان لە بارەی بەرپرسی گروپەكان و کەسانی نهێنی چالاک بازنەی نزیکیان لەخۆگرتووە، هەروەها ئەو کەسانەی کە بەرژەوەندییە دارایی و بازرگانییەکانی پەیوەست بە گروپەكان بەڕێوەدەبەن لەگەڵ ئەو دامودەزگا حکومییەکانەشى نوێنەرایەتی هەژموونی گروپە چەکدارەکان دەكەن.