هەرێم نیوز
یانەی مانچستەر یونایتد بە فەرمی بڕیاری دوورخستنەوەی ڕاهێنەرە پورتوگالییەکەی دا، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر کارگێڕیی یانەکە و ئەنجامەکانیشی خراپ بوون، هاوکات یاریزانێکی پێشووی یانەکە بە کاتی شوێنی دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ی 1ی 2026، ڕۆژنامەی (زە سەن) ئاشکرای کرد، کارگێڕیی مانچستەر یونایتد ڕوبێن ئەمۆریمی ئاگادار کردووەتەوە کە بەهۆی ئەنجامە خراپەکان و لێدوانە توندەکانییەوە، "بە شێوەیەکی دەستبەجێ" لە پۆستەکەی دوور خرایەوە.
بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە ئەمۆریم لە دوای یەکسانبوونیان بەرانبەر لیدز یونایتد (1-1)، لێدوانی ئاگرینی دژی بەرپرسانی ئۆڵد ترافۆرد دا و دۆخێکی پڕ لە مشتومڕی دروست کرد.
ئەمۆریمی تەمەن 40 ساڵ، ماوەی 14 مانگ ڕاهێنەری یانەکە بوو کە بە قۆناغێکی "پڕ لە پشێوی" وەسف دەکرێت. لەم ماوەیەدا لە کۆی 63 یاری تەنیا 24 سەرکەوتنی بەدەست هێناوە بە ڕێژەی 38.71٪، کە بە یەکێک لە خراپترین ژمارەکان لە مێژووی نوێی یانەکەدا دادەنرێت.
سەبارەت بە شوێنگرەوەکەشی، بڕیارە دارین فلێچەر، یاریزانی پێشووی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە، بە شێوەیەکی کاتی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی بۆ قۆناغی داهاتوو بگرێتە ئەستۆ.