دواین هەواڵ

ئابوری‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی: هەر کەموکوڕییەک لە مووچە لەئەستۆی حکومەتی عێراقدایە

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، هەر کەموکوڕییەک لەمووچە یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی هەرێم لەو سێ ساڵە ڕویدا بێت وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە. دەشڵێت بەبیر هەموو ئەو کەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەهێنینەوە کە بەشێوەی ناڕەوا هێرش دەکەنە سەر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بوختان و تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە دەبێت چاوەڕێ بن ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە لە پێناو سەلماندنی ڕاستییەکان.

دەقی راگەیەندراوەکە:

سەبارەت بەمووچەی مانگی کانوونی دووەم و دوای گەیشتنی تەمویلەکە لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کەموکوڕیەوە ، لێرە و لەوێ چەندین لێکدانەوە و تۆمەتی ناڕاست ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم کراوە، بە پێویستمان زانی وەك وەڵامێك بۆ ئەو تۆمەتانە جەخت لەم ڕاستییانەی خوارەوە بکەینەوە.

١- بۆ ئەوانەی کە لەیادیان چووە ماوەی سێ ساڵە بەپێی یاسای بوودجەی ( ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣ ) مووچەی هەرێمی کوردستان تێکڕا لەبەغداوە خەرج کراوە، واتە هەر کەموکوڕییەک لەمووچە یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی هەرێم لەو سێ ساڵە ڕویدا بێت وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.

٢- لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەک وەزارەتی دارایی یەکەم لایەن بووین کە ڕامانگەیاند کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە ( ٣٦ ) ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی ئەو مانگە بڕیوە و نەیناردووە کە بریتییە لە مووچەی چەند مانگێکی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامی سەنگەر، ( بۆ نموونە خانەنشین هەیە ١٢ مووچەی وەرنەگرتووە بەڵام تەنها یەک مووچەی بۆ هاتووە، کەمئەندامانی سەنگەر پێویست بوو دوو مووچە وەربگرن یەکێكیان مووچەی مانگی ١٠ ی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی یەکی ئەمسال بەڵام تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە).

٣- بەپێی نووسراوی ژمارە( ٣٦٦ ) لە بەرواری ( ٢٠٢٦/١/٢٧ ) داوای خەرجکردنی بڕی ( ٢٨١،١٢٥،٤٧١،٢١٦ ) دووسەد و هەشتا و یەک ملیار و سەد و بیست و پێنج ملیۆن و چوارسەد و حەفتا و یەک هەزار و دووسەد و شازدە دینارمان بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خەرج کردووە، کە بڕی ٣٦ ملیارەکەشی لەگەڵە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕی ( ٢٤٤،٧٦٤،٦٠٦،٣٥٧ ) دوو سەدو چل و چوار ملیار و حەوت سەد و شەست و چوار ملیۆن و شەش سەد و شەش هەزار و سێ سەد و پەنجا و حەوت دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی ناردووە.

٤- وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ( ١٢ ی شوباتی ٢٠٢٦ ) نووسراوی دووەممان بە ژمارە ( ١١٦٤/٤/٧ ) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە و داوای خەرجکردنی بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٨٥٩ ) دینارمان کردووە وەک تەواوکاری تەمویلی مووچە و شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.

٥- بەبیر هەموو ئەو کەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەهێنینەوە کە بەشێوەی ناڕەوا هێرش دەکەنە سەر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بوختان و تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە دەبێت چاوەڕێ بن ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە لە پێناو سەلماندنی ڕاستییەکان.

لە کۆتاییشدا بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین ئەو لایەنەی داکۆکی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە لە بەغدا و هەموو مەحفەلەکانی تردا بەشانازیەوە تەنها حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی لایەنی سەرەکی و بنچینەیی بوون پێش هەموو کەس و لایەنەکانی تر.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٢ ی شوباتی ٢٠٢٦
هاوپێچ
١- نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە ( ٣٦٦ ) لە (٢٠٢٦/١/٢٧ ) تایبەت بە خەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.
٢-نووسراوی ژمارە ( ٣٣٢٣ ) فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بەخەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.
٣- نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە ( ١١٦٤/٤/٧ ) لە بەرواری ( ٢٠٢٦/٢/١٢ ) بۆ خەرجکردنی تەواوکاری مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.



 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP