دواین هەواڵ

عێراق‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

کازمی پێشنیازی مۆدێلی "سکۆتلەندا" بۆ پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات

هەرێم نیوز

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بانگەواز بۆ "گرێبەستێکی نوێی کۆمەڵایەتی" دەکات و پێشنیاز دەکات هاوشێوەی مۆدێلی سکۆتلەندا لە بەریتانیا، دەسەڵاتی فراوانتر بە هەرێمی کوردستان بدرێت و بڕیارە ستراتیژییەکانیش لە بەغدا بن.

مستەفا کازمی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "العهد"، ڕایگەیاند کە پێویستە بەغدا بچێتە ناو گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ڕێز لەو دۆخە تایبەتە بگرێت کە کورد لە ساڵی ١٩٩١ـەوە هەیەتی. کازمی وتی: "ئەوەی ئێستا هەرێمی کوردستان هەیەتی، فیدرالییەتێکە کە زۆر لە حوکمی زاتی بەرزترە، بەڵام هێشتا پێویستمان بە ڕوونکردنەوەی زیاترە."

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئاماژەی بە مۆدێلی پەیوەندیی نێوان بەریتانیا و سکۆتلەندا کرد و وتی: "سکۆتلەندییەکان ئازادییەکیان هەیە زیاترە لەوەی لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە. وا باشە شتێکی هاوشێوەیان پێ بدەین؛ ڕووبەرێکی زیاتریان بۆ ئیدارەدانی خۆیان بدەینێ و بڕیارە ستراتیژییەکان لە بەغدا بن، جا ناوی دەنێن کۆنفیدرالی یان دەسەڵاتی زیاتر، ئەوە بە گفتوگۆ یەکلا دەبێتەوە."

کازمی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پێویستی بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ هەیە، چونکە ئەو گرێبەستەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە ژێر دۆخێکی ئاڵۆزدا نووسراوەتەوە و عەرەبە سوننەکانیش بەشدارییەکی کارایان تێدا نەکردووە. ئەو پێی وایە کاتی ئەوە هاتووە هەموو پێکهاتەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی یەکتر، لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP