دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی ڕێگای دووسایدی هەولێر - گۆمەسپانی کردەوە؛ "بە ستانداردی نێودەوڵەتی دروست کراوە"

هەرێم نیوز

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ئاوەدانکردنەوە، پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان کرایەوە و بڕیارە لە سێ ساڵی داهاتووشدا سەرجەم ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکان بکرێنە دووساید.

ئەمڕۆ سێشەممە 24ی شوباتی 2026، لە ڕێوڕەسمێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ڕێگای دووسایدی هەولێر - گۆمەسپانیان کردەوە.

لە وتارێکدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکی گەورە بە دانیشتووانی پایتەخت و دەوروبەری دەکات، چونکە کاتی گەشتکردن کەم دەکاتەوە و ئاسانکاری دەکات بۆ بەیەکەوەبەستنی هەولێر بە ناوچەکانی گۆمەسپان، دۆڵی سماقوڵی، کۆیە، سلێمانی و بەستۆڕە.

هاوکات سوپاسی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و کۆمپانیای جێبەجێکاری کرد کە پڕۆژەکەیان بە شێوازێکی پێشکەوتوو و سەلامەت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان جێبەجێ کردووە.

لەلای خۆیەوە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن باسی لەوە کرد کە درێژیی ڕێگاکە زیاتر لە 22 کیلۆمەترە و پایتەخت بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕینەوە دەبەستێتەوە.

 سەبارەت بە پلانی داهاتووشیان ئاشکرای کرد کە ئێستا کارکردن لە ڕێگاکانی دوکان - چوارقوڕنە و هەولێر - کۆیە بەردەوامە، دیزاینی ڕێگای کۆیە - دوکان تەواو بووە، و بەمنزیکانەش کار لە دووسایدی سەیدسادق - پێنجوێن دەست پێدەکات.

دانا عەبدولکەریم جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامانجیانە لە سێ ساڵی داهاتوودا سەرجەم ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکەنە دووساید.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP