دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دەرەوەی عومان ئامانجە شاراوەکانی جەنگەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت پلانەکە لە ئێران گەورەترە

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی عومان هۆشدارییەکی توند لەبارەی ئامانجە شاراوەکانی جەنگی ئێستای ناوچەکە دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە پلانەکە زۆر لە پرسی ئەتۆمی گەورەترە، بە جۆرێک ئامانج لێی لاوازکردنی ئێران و داڕشتنەوەی ناوچەکە و ڕێگریکردنە لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی 3ـی 2026، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کە وەک ناوێکی دیار و ڕۆڵگێڕێکی سەرەکی لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا دەناسرێت، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سەرنووسەری ڕۆژنامە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی زانیاریی نوێی سەبارەت بە جەنگەکە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە ئامانجی ڕاستەقینەی شەڕەکە تەنیا لە پرسی ئەتۆمیدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو پلانێکی زۆر فراوانترە کە تەواوی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

وەزیری دەرەوەی عومان لە لێدوانەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە کە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم جەنگە بریتین لە لاوازکردنی قەوارەی ئێران و دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە لەگەڵ پێشخستنی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، هاوکات هەوڵێکی گەورەشە بۆ ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین و لاوازکردنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە لە ناوچەکەدا پشتیوانی لەو پڕۆژەیە دەکەن.

بوسەعیدی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەم پرۆسەیەدا ئێران تاکە ئامانج نییە و زۆرێک لە وڵاتان و لایەنە ناوچەییەکانیش بەباشی ئاگاداری ئەو ڕاستییەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرەو لەسەر ئەوە دەکەن کە بە ڕۆیشتن لەگەڵ دۆخەکە و هەوڵدان بۆ ڕازیکردن و هێورکردنەوەی ئەمریکا، ڕەنگە بتوانن ببنە هۆی دەستکاریکردن یان گۆڕینی بەشێک لە بڕیار و سیاسەتەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو دیپلۆماتکارە باڵایەی عومان جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوەی ئەمریکا پێشتر لە ڕێگەی دانوستانەوە بەدەستی هێنابوو بە هیچ شێوەیەک نەیدەتوانی لە ڕێگەی شەڕەوە بەدەستی بهێنێت، چونکە دانوستانەکانی ئەم دواییە گەیشتبوونە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو کە تێیدا ئێران بەڵێنی دابوو نەبێتە خاوەنی مادەی ئەتۆمیی گونجاو بۆ دروستکردنی بۆمب، لەگەڵ پابەندبوونی تەواو بە کەڵەکەنەکردنی مادەی پیتێنراو و گۆڕینی مادە کۆگاکراوەکانی ئێستاش بۆ سووتەمەنی، بە جۆرێک کە هەرگیز نەتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ دۆخی پێشووی خۆی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP