دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری وزەی ئەمریکا: جەنگی ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتایی دێت

هەرێم نیوز

وەزیری وزەی ئەمریکا پێشبینی دەکات کە جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتایی بێت و دووپاتیشی دەکاتەوە کە دوای ئەوە، خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا زیاد دەکات و نرخی وزەش بە خێرایی ڕوو لە دابەزین دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی 3ـی 2026، کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (زیس ویک)ی تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی، پێشبینییەکانی خۆی بۆ داهاتووی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکات ئەو ململانێیە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا بە تەواوی کۆتایی بێت.

وەزیری وزەی ئەمریکا لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ئەو تۆڕە هەواڵییە ئاماژەی بەوە کرد کە کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە کاریگەرییەکی ئەرێنی و ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی جیهان دەبێت، چونکە بەپێی پێشبینییەکانی ئەو، دوای وەستانی شەڕەکە دەستبەجێ خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و لە بەرامبەریشدا نرخی وزە و تێچووەکانی بە خێرایی ڕوو لە دابەزین دەکەن.

کریس ڕایت جەختی لەوەش کردەوە کە هەرچەندە پێشبینی دەکەن جەنگەکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتایی بێت، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە تەنانەت زووتر لەو کاتەش کۆتایی پێ بێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی خێرای دابینکردنی وزە و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕەکانی نەوت لە جیهاندا دوای ئەو ناجێگیرییەی بەهۆی گرژییەکانەوە دروست ببوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP