دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

​پارێزگای هەولێر وردەکاریی جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی تەندروستی بڵاودەکاتەوە

هەرێم نیوز

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری پارێزگاری هەولێر، بە گوژمەی زیاتر لە 36 ملیار و 304 ملیۆن دینار چەندین پڕۆژەی تەندروستی جێبەجێ کراون.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 3ـی 2026، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر دەست کراوە بە نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکانی هەولێری فێرکاری و ئیمێرجنسی و بەشی سووتان، لەگەڵ نەخۆشخانەکانی پیرمام و ڕاپەڕین و شەقڵاوە و هەریر.

هاوکات هەر لەسەر هەمان بودجە، چەندین بنکەی تەندروستی لە قوشتەپە و بێستانە و عەنکاوە و بنکەی خانزاد بۆ ددان بە گوژمەی سەدان ملیۆن دینار نۆژەن کراونەتەوە.

سەبارەت بەو پڕۆژانەشی کە دروست کراون یان لە ژێر جێبەجێکردندان، بریتین لە بنکە تەندروستییەکانی سێبەردان و فەرمانبەران و هەنارە و جمکە و سێکانی لە دەرەوەی شاری هەولێر.

هەروەها دروستکردنی بنکەکانی سێوکە و گینج و بڕگوێز لەگەڵ دیزاینکردنی بنکەی کۆڵەکە لە پیرەش بەشێکن لەو پڕۆژە نوێیانەی کە گوژمەی ملیاران دیناریان بۆ تەرخان کراوە.

لەپاڵ بودجەی پارێزگاکەشدا، لە ڕێگەی خێرخوازانەوە چەندین نەخۆشخانەی گەورە و ستراتیژی بۆ شاری هەولێر بنیاد نراون، لەوانە نەخۆشخانەی دەروونیی 200 تەختەیی لەسەر ڕووبەری 38 هەزار مەتر چوارگۆشە.

پڕۆژەکانی دیکەی خێرخوازان پێکهاتوون لە نەخۆشخانەی قوشتەپەی 50 تەختەیی و نەخۆشخانەی گەلیاوە کە زەوییەکانیان لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆ دابین کراوە و گوژمەیان ملیاران دینارە.

هەروەها نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەحرکەی 50 تەختەیی و دروستکردنی بنکەی تەندروستیی جۆری بی لە تۆپزاوا و بنکەی جۆری ئەی لە گەڕەکی زیلان بەشێکی دیکەن لە پڕۆژە هاوبەشەکان.

جێی باسە، جێبەجێکردنی سەرجەم ئەم پڕۆژانە لە سنووری پارێزگای هەولێر، سەرەڕای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، بووەتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ سەدان گەنج و لاوی سنوورەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP