هەرێم نیوز
نزار حەیدەر، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی عێراق لە واشنتن، زانیاریی هەستیاری لەبارەی هەژموونی ئێران و زیانە گیانییەکانی میلیشیاکانی عێراق لە هێرشەکانی ئەمدواییەی بەغدا ئاشکرا کرد.
نزار حەیدەر کە چاودێرێکی سیاسی و چالاکوانی ئۆپۆزسیۆنی شیعەی عێراقە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند:
• ٦٠ ڕاوێژکاری باڵا: لە ئێستادا ٦٠ ڕاوێژکاری سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغدا و ناوچەکانی تری عێراق نیشتەجێن.
• کۆنترۆڵکردنی بڕیارەکان: ئەم ڕاوێژکارانە گرووپە چەکدارەکان هەڵدەسوڕێنن و هەژموونی تەواویان بەسەر بڕیارەکانی دەستەی حەشدی شەعبییەوە هەیە.
• مووچەی عێراق بۆ ئێرانییەکان: بە گوتەی نزار حەیدەر، ئەم ڕاوێژکارانە مووچەکانیان لە بودجەی دەستەی حەشدی شەعبی وەردەگرن.
سەبارەت بەو هێرشانەی لە شەوانی ڕابردوودا کرانە سەر بەغدا، ئەم بەرپرسە وردەکاریی نوێی خستەڕوو:
1. هێرشی گەڕەکی عەرەسات: نزار حەیدەر ڕایگەیاند کە لەو هێرشەدا ئەبو حسێن حەمێداوی، سەرۆکی کەتائیبی حزبوڵای عێراق کوژراوە. هەروەها دەنگۆی کوژرانی ئەبو عەلی عەسکەری (بەرپرسی ئەمنی کەتائیب)ی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە بەیاننامەکان بۆ شاردنەوەی کوژرانی حەمێداوی بوون.
2. هێرشی گەڕەکی جادرییە: لەناو کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی کۆمار، هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی میلیشیاکان و تێیدا ئەبو ئالائی وەلائی، سەرۆکی کەتائیبی سەیدولشوهەدا لەگەڵ دوو ڕاوێژکاری ئێرانی و کەسێکی تر کوژراون.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەغدا گۆڕەپانی ململانێیەکی سەربازیی توندە و لێدان لە سەرکردە پلە یەکەکانی میلیشیاکان و ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران، نیشانەی گەیشتنی زانیاریی هەواڵگریی وردە بە ئەمریکا و ئیسرائیل لەناو جەرگەی ناوچە پارێزراوەکانی پایتەختدا.