هەرێم نیوز
ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توند دەداتە سووریا و ڕایدەگەیەنێت کە ڕێگە نادەن جەنگەکەیان دژی ئێران بۆ لێدانی دروزەکان بەکاربهێنرێت.
ئەمڕۆ هەینی 20ی ئاداری 2026 سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی ڕژێمی سووریا لە باشووری ئەو وڵاتە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە بە توندی وەڵامی هەر هەوڵێکی سووریا دەدەنەوە کە بیەوێت زیان بە دروزەکان بگەیەنێت.
سوپای ئیسرائیلیش ئاشکرای کردووە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا بنکەیەکی سەرەکیی سەربازی و چەندین کۆگای چەکیان لە باشووری سووریا خاپوور کردووە.
هەروەها ڕوونیان کردووەتەوە کە ئەم گورزانە تەنیا وەڵامێک بوون بۆ ئەو هێرشانەی پێشتر کراونەتە سەر هاووڵاتییە مەدەنییەکان لە پارێزگای سوەیدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئیسرائیل کاتز هۆشداریی داوە کە ئەگەر پێویست بکات بە هێزێکی زۆر گەورەتر و توندترەوە هێرش دەکەنە سەر سووریا.
لە لایەکی دیکەوە و هەر ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا پەیامێکی بەپەلەی بۆ تەواوی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لەو ناوچەیە بڵاوکردەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی کردووە بە زووترین کات خاکی سووریا جێبهێڵن بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ جۆرە هاوکارییەکی حکومەتەکەیان بکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆکاری ئەم بڕیارە کتوپڕەی بۆ تێکچوونی خێرای بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیریی ناوچەکە گەڕاندووەتەوە.