دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

کاتز: هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن

هەرێم نیوز

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە لەم هەفتەیەدا هێرشەکانی وڵاتەکەی و ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی "بەرچاو و کتوپڕ" زیاد دەکەن.

کاتز لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەی جەختی کردەوە: "لەم هەفتەیەدا، چڕیی ئەو هێرشانەی کە سوپای ئیسرائیل و سوپای ئەمریکا دژی ڕژێمی تێرۆریستی ئێران و ئەو ژێرخانانەی پشتی پێ دەبەستێت ئەنجامی دەدەن، بە شێوەیەکی چاوڕواننەکراو بەرز دەبێتەوە."

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی پێداگرە لەسەر بەردەوامبوون لە سەرکردایەتیکردنی هێرشەکان، لەناوبردنی فەرماندەکان و لەکارخستنی تواناکانی تارانیش، تا ئەو کاتەی هەموو هەڕەشە ئەمنییەکان لەسەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کۆتایییان دێت.

کاتز لە کۆتایی لێدوانەکانیدا وتی: "سوپای ئیسرائیل و بەرەی ناوخۆمان بەهێزن، تا گەیشتن بە تەواوی ئامانجەکانی جەنگ ناوەستین."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP