دواین هەواڵ

عێراق‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ 72 کاتژمێر درێژ دەکاتەوە

هەرێم نیوز

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی ئاسمانی عێراقی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئازاری 2026 دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڕیارێکی نوێی لەسەر دۆخی گەشتە ئاسمانییەکان بڵاوکردەوە.

دەسەڵاتەکە باسی لەوە کردووە کە بڕیار دراوە داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ هەموو فڕۆکە هاتوو و ڕۆیشتوو و ترانزێتییەکان بۆ ماوەی 72 کاتژمێر درێژ بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بڕیارە لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆژی چوارشەممە دەست پێدەکات تاوەکو کاتژمێر 12ی شەوی شەممە 28ی ئازاری 2026 وەک ڕێوشوێنی خۆپارێزی بەردەوام دەبێت.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و پێشهاتەکانی ناوچەکەیە.

هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە بەپێی هەر پێشهاتێکی نوێ لە ناوچەکەدا هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ دۆخەکە و بڕیارەکە دەکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێڵە ئاسمانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر نوێکارییەکی دیکە بەپەلە ئاگادار دەکرێنەوە.

لەوەتەی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێکردووە ئاسمانی وڵاتانی ناوچەکە لە نێویاندا عێراق داخراوە و هێشتا هیچ وادەیەک بۆ کردنەوەی دیار نییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP