هەرێم نیوز
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتالیا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی قۆناغی ململانێی تێپەڕاندووە و دەیەوێت ببێتە چەقێکی گرنگی وەبەرهێنان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
ئەمڕۆ هەینی، 17ـی 4ـی 2026، لە پێنجەمین خولی کۆڕبەندی ئانتالیا، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد کە سووریا چیتر نابێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان، بەڵکو دەبێتە دەرفەتێکی مەزن بۆ وەبەرهێنانی بەردەوام. وتیشی: "پێویستمان بە چارەسەری استثنایی هەیە و دەمانەوێت پەیوەندییەکی نموونەییمان لەگەڵ ئەمریکا، ڕووسیا، چین و ئەوروپا هەبێت."
هەڵوێست بەرانبەر ئێران و ئەمریکا:
سەرۆکی سووریا بە توندی ڕەخنەی لە دەستوەردانەکانی ئێران گرت و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکانی ئێران بووەتەوە بەهۆی پشتگیریکردنی تاران لە ڕژێمی پێشوو دژی گەل. هاوكات پێشوازی لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاگربەستی لوبنان کرد و جەختی کردەوە کە سووریا تێوەناگلێت لە ململانێی نێوان ئێران لەلایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە.
دۆخی ناوخۆ و جۆلان:
شەرع باسی لەوە کرد کە گەلی سووریا بەهۆی ئاوارەیی، وێرانکاری و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە زۆر ماندوو بووە، بۆیە دوورکەوتنەوە لە شەڕ بڕیارێکی دروستە. سەبارەت بە بەرزاییەکانی جۆلانیش، دووپاتیکردەوە کە هەر داننانێک بە مافی ئیسرائیل لەو ناوچەیە "پوچەڵە" و جۆلان بە خاکی داگیرکراوی سووریا دەمێنێتەوە.