هەرێم نیوز
دوای لێدوانەکانی گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی 6ـی 2026، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی تونددا وەڵامی دایەوە و یەکێتی بە "پێشێلکاری مافی دەنگدەران" و "کۆسپ دروستکردن لە بەردەم دیموکراسی" تۆمەتبار کرد.
پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە مەبەستیان لەم وەڵامدانەوەیە، ڕێگریکردنە لە چەواشەکاری و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بۆ خەڵکی کوردستان.
پارتی دەڵێت: "دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە کاتێکدا ئێمە دانوستانەکانمان چڕ کردبووەوە، یەکێتی دەستی بە کات کوشتن کرد بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت و کابینەی دەیەم پێک نەهێنرێت، چونکە لە ناخەوە باوەڕیان بە پرۆسەی دیموکراسی نییە."
لە بەشێکی تری وەڵامەکەی پارتیدا هاتووە کە یەکێتی "مافی دەنگدەرانی خۆی تێپەڕاندووە" و ئاماژە بە ڕووداوەکانی "لالەزار" و زیندانیکردنی ئەندامانی نەوەی نوێ دەکات و بە ڕووداوی "شەرمئامێز" وەسفیان دەکات. پارتی دەشڵێت:
"خەڵکی کوردستان متمانەیان بە ئێمە داوە چونکە دڵنیان دەستکەوتەکانیان دەپارێزین، بەڵام یەکێتی بە سیاسەتی خۆسەپێنی دەیەوێت بێ گوێدانە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، خۆی بەسەر ئیرادەی گەلدا بسەپێنێت."
سەبارەت بە پرسی "باڵباڵێن" کە گوتەبێژی یەکێتی باسی کردبوو، پارتی وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند:
"سروشتی پارتی وایە کە خاوەن یەک ڕێبەر و یەک بڕیارین، هەر بۆیەش سەرکەوتوو بووین، بەڵام یەکێتی بەهۆی جیاکاری و سیاسەتی خۆسەپێنییەوە گەیشتووەتە ئەم دۆخە."
پارتی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا هیوای خواست کە یەکێتی ڕەفتارەکانی بگۆڕێت و چیتر نەبێتە هۆی نیگەرانی و دڵخۆشکردنی نەیارانی گەلی کوردستان.