هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەژێر ڕۆشنایی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەست پێ دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی 6ـی 2026، تاهیر ئەندێرابی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکان ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو دەست پێ بکەن، هەرچەندە ئەگەری ئەنجامدانی لە ڕۆژانی دووشەممە یان چوارشەممەشدا بەدوور نەزانی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا شوێنی بەڕێوەچوونی ئەم گەڕەی دانوستانەکان ئاشکرا نەکراوە.
پاشخانی ئەم هەواڵە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ڕۆژی یەکشەممە، 21ـی 6ـی 2026، شاندە سیاسی و تەکنیکییەکانی ئێران و ئەمەریکا لە سویسرا گفتوگۆیەکی درێژخایەنیان ئەنجام دا.
بەپێی ئەو یاداشتەی کە چوارشەممەی ڕابردوو واژۆ کراوە، دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 ڕۆژدا دەبن، کە دەکرێت ئەو وادەیە درێژ بکرێتەوە.