دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

بوومەلەرزەی وێرانکەر لە ڤەنزوێلا؛ 32 کەس کوژران و 700 کەسیش بریندار بوون

هەرێم نیوز

دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند، بەهۆی ڕوودانی دوو بوومەلەرزەی بەهێز لەو وڵاتەدا، لانیکەم 32 کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 700 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی 6ـی 2026، ڕۆدریگێز لە وتارێکی کورتی تەلەڤیزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، بوومەلەرزەکانی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە کە گوڕەکەیان 7.2 و 7.5 پلە بووە، زیانی زۆریان بە چەندین هەرێمی وڵاتەکە گەیاندووە.

بەهۆی توندیی زیانەکانەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "سیمۆن بۆلیڤار" داخراوە و خوێندنگاکانیش بۆ چەند ڕۆژێک ڕاگیراون. ناوبراو داوای لە سەرجەم کارمەندانی تەندروستی کردووە کە دەستبەجێ پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانەوە بکەن بۆ هاوکاریکردنی برینداران.

سەنتەری لێکۆڵینەوە جیۆلۆجییەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، چەقی بوومەلەرزەکان لە نزیک کەناراوەکانی دەریای کاریبی و بە دووریی 168 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری کاراکاس بووە.

کاریگەریی ئەم بوومەلەرزانە تا ڕادەیەک بووە کە تەنانەت لە شاری ئەمەزۆنی بەڕازیل، بە دووریی 1700 کیلۆمەتر، هەستی پێ کراوە.

لە ئێستادا بەهۆی ڕووخانی باڵەخانەکان و پچڕانی کارەبا و هێڵەکانی پەیوەندی، دۆخی پایتەخت و ناوچە زیانلێکەوتووەکان ناسەقامگیرە. حکوومەت باری نائاسایی ڕاگەیاندووە و هەڵمەتی گەڕان بەدوای ڕزگاربووان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا بەردەوامە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ناردنی هاوکاریی بەپەلە بۆ ڤەنزوێلا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP