هەرێم نیوز
دکتۆر ژاڵە سەعید خەتات، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 دەرگای پێشکەشکردن بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان، هەبوونی توانستی زمانی ئینگلیزییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی 6ـی 2026، دکتۆر ژاڵە سەعید ڕایگەیاند، هەرچەندە مەرج و ڕێنماییەکان و پلانی کورسییەکان هێشتا بە فەرمی پەسەند نەکراون، بەڵام بەپێی ڕێنمایی ژمارە 12ـی ساڵی 2024، هەبوونی توانستی زمانی ئینگلیزی مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ پێشکەشکردن.
بەپێی ڕێنماییەکان، مەرجەکان بۆ بەشەکان بەمشێوەیەن:
بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان (ماستەر و دکتۆرا): پێویستە خوازیار نمرەی (5) لە IELTS Academic، (59) لە TOEFL-IBT، (414) لە TOEFL-PBT، (52) لە Pearson Academic-PTE هەبێت، یان لە سەنتەرەکانی زمانی زانکۆ حکوومییەکان بە سیستەمی (ئیمپریال) ئاستی (Intermediate) بەدەست بهێنێت.
بۆ زانستە پەتییەکان، ئەندازیاری، پزیشکی و پراکتیکییەکان (دکتۆرا): پێویستە خوازیار نمرەی (6) لە IELTS Academic، (73) لە TOEFL-IBT، (497) لە TOEFL-PBT، (67) لە Pearson Academic-PTE هەبێت، یان لە سەنتەرەکانی زمانی زانکۆ حکوومییەکان بە سیستەمی (ئیمپریال) ئاستی (Advance) بەدەست بهێنێت.