هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داهاتی گومرک و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 تا کۆتایی ساڵی 2025 زیاتر لە 9 ترلیۆن و 500 ملیار دینار بووە.
ڕۆژی چوارشەممە 1ـی تەمووز، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە درێژەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی (2019 تا 2025) لەژێر ڕۆشنایی ئەو چاکسازی و گۆڕانکارییانەی چەند ساڵی ڕابردوو لە گومرگ و دەروازەکان ئەنجام دراوە کاریگەریی بەرچاوی هەبووە لەسەر زیادبوونی جوڵەی بازرگانی و کەمبوونەوەی ڕۆتین و بەرجەستەکردنی شەفافیەت، بەپێی داتا و زانیارییەکان داهاتی حەوت ساڵی ڕابردووی گومرگ و دەروازەکان نزیکەی 9 ترلیۆن و 547 ملیار و 323 ملیۆن دینار بووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ئێستادا تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی سەرقاڵی جێبەجێکردنی سیستەمی ئاسیکۆدایە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی ڕێکخستن و یەکخستنی کاروباری گومرگی و ترانزێت لە سەرتاسەری عێراق لەژێر یەک سیستەمی یەکگرتوودا.
لە گرنگترین ئەو چالاکی و چاکسازییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگ و خاڵەسنووریەکان جێبەجێی کردووە بریتین لە؛
1-بە ئەلکترۆنیکردنی کاروباری دەروازەکان و گومرگی فڕۆکەخانەکان و بەستنەوەیان بەوەزارەتەوە (ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان) هەروەها هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی فڕۆکەخانەی نیۆدەوڵەتی (هەولێر، سلێمانی).
2- پێداچوونەوە بە ڕسومات و پێناسەى گومرگى بۆ بەشێک لە کاڵا و پێداویستییەکان بە هاوبەشی گومرگی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.
3- پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لەو لێخۆشبوونە گومرگیانەی لەماوەی ڕابردوودا بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان کرابوون.
4- هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکانی تر وەک وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەى وەبەرهێنان بەمەبەستی پشتیوانی ئەو پڕۆژانەى کە لە چوارچێوەى یاسای وەبەرهێنان جێبەجێ دەکرێت بەمەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی و گەشەکردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
5- دانانی سیستەمی ترانزێت بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان کە ئاڵوگۆڕى بازرگانى دەکەن لە نێوان وڵاتانی (ئێران، تورکیا و سووریا) و دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان.
6- هەموارکردنەوەی ڕێنمایى هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
7- چالاککردنی بەڕێوەبەرایەتىی چاودێریی گومرگى لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانى و دهۆک) بە ئامانجى ڕێگریکردن و کەمکردنی دیاردەى قاچاغ و سەرپێچىی یاسایی بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی گومرگ.