دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

گواستنەوەی دۆلار بۆ عێراق دەستیپێکردەوە

هەرێم نیوز

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێکی دیکە دەستی کردەوە بە ناردنی باری دۆلاری نەخت بۆ عێراق لە ڕێگەی ئاسمانییەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بۆ ماوەی چەند مانگێک ئەو کردەیە بە مەبەستی گوشارخستنە سەر حکوومەتی بەغدا ڕاگیرابوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی 7ـی 2026، دوو لە یاریدەدەرانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح ئەلزەیدی، بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاند، کە گەیاندنی دۆلاری ئەمەریکی بۆ بەغدا وەرگیراوەتەوە. 

حەیدەر ئەلعەبوودی، وتەبێژی سەرۆک وەزیران و مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران، هەواڵەکەیان پشتڕاست کردەوە و ئاماژەیان بەوە دا کە ئاستەنگەکان ڕەویونەتەوە و پرۆسەی گواستنەوەی پارە دەستی پێ کردووەتەوە.

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە نیسانی ئەمساڵدا گواستنەوەی دۆلاری نەختی بۆ عێراق بە هەڵپەسێردراوی هێشتبووەوە و داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراقی لە بانکی فیدراڵی لە نیویۆرک بلۆک کردبوو.

 ئەم ڕێکارە لە کاتێکدا گیرا بەر کە عێراق لە قۆناغی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێدا بوو و واشنتن هەوڵی دەدا ڕێگری لە هاتنەسەرکاری ئەو کەسایەتییانە بکات کە بە نزیک لە ئێران دەبینران.

پێش چەند ساڵێک، بەپێی ڕێساکانی بانکی نێودەوڵەتی و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و عێراق، پێویستی بە شەفافییەتی زیاتر لە گواستنەوەی دۆلار دروست بوو، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە بەقاچاخبردنی دراو بۆ لایەنی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە.

عەلی ئەلزەیدی لە کۆتایی مانگی نیساندا دەستبەکار بوو و هەنگاوی کردەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی تاقمە چەکدارەکان گرتە بەر، بەجۆرێک مۆڵەتی تا مانگی ئەیلولی بۆ دیاریکردن تا سەرجەم گرووپەکان بچنە ژێر ڕکێفی ڕاستەوخۆی دەوڵەتەوە.

 هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا، زەیدی هەڵمەتێکی فراوانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەست پێ کردووە کە لە چوارچێوەیدا دەیان بەرپرسی پلەباڵای ئێستا و پێشوو بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP