دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێت بەربەستەکانی بەردەم خوێندنی باڵای مامۆستایانی گرێبەست لابدات

هەرێم نیوز

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی ڕێگەپێدان بە مامۆستایانی گرێبەست بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا، نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد.

 ئەم هەنگاوە لەسەر داوای نوێنەرانی ئەو مامۆستایانە هاتووە کە دەیانەوێت بێ ئەوەی بەربەستی داراییان بۆ دروست بێت، لە خوێندن بەردەوام بن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی 7ـی 2026، بەپێی ئەو نووسراوەی کە واژۆی د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە، وەزارەتەکە داوای لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە پێداچوونەوە بە ڕێنمایی دارایی ژمارە 10ـی ساڵی 2019دا بکرێت. ئامانجی سەرەکیی داواکارییەکە ئەوەیە مامۆستایانی گرێبەست بتوانن بە سیستەمی پارالێڵ لە زانکۆکاندا درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن و بڕوانامەکانیشیان بۆ ببەسترێتەوە.

محەممەد نەجیب، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەو نووسراوەی وەزیر لەسەر بنەمای داواکاریی ئەوان بووە، چونکە بەشێکی زۆری مامۆستایان هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەرن و خوازیارن لە ڕێڕەوی زانستی و ئەکادیمیی خۆیان بەردەوام بن.

شایانی باسە، ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا نزیکەی چوار هەزار کەسە، کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە وانەبێژییەوە کرانە گرێبەست.

 ئێستا هەوڵەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران چڕ کراونەتەوە تا ڕێگەپێدان و لاری نەبوونی پێویست بۆ ئەو مەبەستە وەربگیرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP