هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی ئۆکراینا لە دەریای قەزوین هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی وڵاتەکەیان و بەهۆیەوە دەریاوانێک کوژراوە، لە بەرامبەریشدا سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، کەشتییەکە باری سەربازیی گواستووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی 7ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئۆکراینا لە دەریای قەزوین هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی و لە ئەنجامی ئەو هێرشەشدا دەریاوانێک گیانی لەدەست داوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، تاران بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات و بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانی ناو دەبات.
لەلایەکی دیکەوە و پێشتر لە بەیانیی ئەمڕۆدا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی توانیویانە لە دەریای قەزوین کەشتییەکی جەنگیی ڕووسی و کەشتییەکی دیکەی تایبەت بە گواستنەوەی باری سەربازی بکەنە ئامانج، کە پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبووە و بۆ مەبەستی سەربازی بەکار هێنراوە.