دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆچی ترەمپ داواکەی شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ بۆردومانکردنی حوسییەکان ڕەتدەکاتەوە؟

هەرێم نیوز

ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان پەردە لەسەر هۆکاری خۆبەدوورگرتنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە لێدانی پێگەکانی حوسییەکان لادەدەن، سەرەڕای داواکاریی ڕاستەوخۆی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەڵوێستەی کۆشکی سپی بەهۆی هۆشداری و تێبینییە توندەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)ـەوە بووە، کە پێیان وایە هەر هێرشێک تەرکیزی واشنتن لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەرەکی لەگەڵ ئێران پەرت دەکات.

ماڵپەڕی «ئاکسیۆس» لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە کە ئیدارەی ترەمپ کەوتووەتە نێوان دووڕیانێکی هەستیار؛ لە لایەک دەیەوێت خواستی سعوودیە جێبەجێ بکات و لە لایەکی دیکەشەوە دەترسێت بکەوێتە ناو شەڕێکی نوێ و فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

فەرماندەیی «سێنتکۆم» بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە یەمەن دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی تواناکان و لاوازکردنی گوشارەکان لەسەر دۆسیەی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەرپرسێکی باڵای واشنتن جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ئێستادا هیچ هەنگاوێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ ناگرنەبەر و تەنیا بە پێشکەشکردنی زانیاریی هەواڵگری و دیاریکردنی ئامانجەکان هاوکاریی ڕیاز دەکەن، بەڵام بژاردەی سەربازی لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

ئەم پاشەکشەیەی واشنتن لە کاتێکدایە کە بەرەکانی جەنگ لە یەمەن بە چڕی گڕیان گرتووە؛ ڕەشاد عولەیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن ڕایگەیاند کە هێزە حکومییەکان بە پاڵپشتیی سعوودیە هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ وەرگرتنەوەی ناوچەکانیان لە دەست حوسییەکان دەستپێکردووە و هەموو دەرفەتەکانی هێورکردنەوە کۆتاییان پێهاتووە.

هاوکات لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و سەربازی، ئەمیر خالید بن سەلمان وەزیری بەرگریی سعوودیە پەیوەندی بە پیت هێگسێس، هاوتە ئەمریکییەکەیەوە کردووە و داوای پاڵپشتیی ئاسمانیی بەپەلەی لە سوپای ئەمریکا کردووە.

بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیە ئاڵۆزەش، ئەندامانی باڵای کابینەی ترەمپ کۆبوونەوەیەکی درێژخایەنیان لە هاوینەهەواری سەرۆکایەتیی «کامپ دەیڤید» سازکردووە تا هەنگاوەکانی داهاتوو لە بەرامبەر ئێران و شەڕی یەمەن تاوتوێ بکەن، لە کاتێکدا هێشتا ڕوون نییە واشنتن لەسەر ئەم قەیرانە ستراتیژییە چ ڕێگەیەک هەڵدەبژێرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP