هەرێم نیوز
لە ترسی دەستوەردانی زەمینی؛ ئێران ٥٠ یەکەی سەربازی لەسەر سنوورەکانی جێگیر دەکات و لە ڕێگەی مۆسکۆوە پەیام بۆ ترەمپ دەنێرێت
لە کاتێکدا مەترسیی فراوانبوونی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرزترین ئاستدایە، دەسەڵاتدارانی تاران لە ترسی ئەگەری دەستپێکردنی هێرشێکی زەمینی یان دزەکردنی هێزە نەیارەکانیان بۆ ناو خاکی وڵاتەکەیان کەوتوونەتە خۆ و دەستیان بە جموجووڵی سەربازیی بەپەلە لەسەر سنوورەکان کردووە.
فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی سوپای ئێران، عەمید عەلی جیهانشاهی ڕایگەیاند کە ناچار بوون زیاتر لە ٥٠ یەکەی سەربازی و پشتیوانی لە ناوچە سنوورییەکان بهێڵنەوە. جیهانشاهی ئاشکرای کرد کە سوپای وڵاتەکەی دەستی بە پشکنین و کێوماڵکردنی ناوچە جیاوازەکان کردووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانەی کە گومان دەکرێت هێزە نەیارەکانیان بۆ دابەزین یان پێشڕەوی بەکاریان بهێنن، لەوانە فڕۆکەخانە چۆڵکراوەکان، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە هەر سناریۆیەکی لەناکاو.
ئەم جووڵە سەربازییانەی ئێران لە کاتێکدایە کە تاران لە ڕووی دیپلۆماسیشەوە هەوڵ دەدات خۆی لە گورزی قورستر بەدوور بگرێت؛ کۆشکی کرێملین ئاشکرای کرد کە فلادیمێر پووتین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پەیام و هەڵوێستی ئێرانی گەیاندووەتە دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
هاوکات واشنتن لە نێوان بژاردەی لێدانی سەربازیی کتوپڕ و گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستان ڕاوەستاوە؛ بە تایبەت کە دۆناڵد ترەمپ ئامادە نییە بەبێ سازشکردنی ئێران لە دۆسیەی ئەتۆمیدا بچێتە ژێر باری هیچ ڕێککەوتنێک، و پێشتریش پێشنیازەکەی تارانی ڕەتکردبووەوە کە تێیدا داوای کردبوو گفتوگۆکان تەنیا لەسەر کێشەی گەرووی هورمز بن و لە بەرامبەردا لە ماوەی حەوت ڕۆژدا هاتوچۆ لە گەرووەکەدا ئاسایی بکاتەوە.