دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وتەبێژی حکومەتی عێراق: کابینەی سودانی بەرپرسیارە لە زیانی ٣٦ تریلیۆن دینار

؛ وتەبێژی حکومەتی عێراق: کابینەی سودانی بەرپرسیارە لە زیانی ٣٦ تریلیۆن دینارداوای هاوکاریمان لە ئێران کرد بۆ هەناردەی نەوت بەڵام وەڵامی نەداینەوە

حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «الرابعة» ڕەخنەی توندی لە سیاسەتی دارایی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی گرت و ڕایگەیاند کە دابەزاندنی دەستکردی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، زیانێکی گەورەی نزیکەی ٣٦ تریلیۆن دیناری بە خەزێنەی گشتیی دەوڵەت گەیاندووە.
عەبوودی ڕوونی کردەوە کە کەمکردنەوەی بەهای فەرمیی دۆلار لە ١٤٧ هەزارەوە بۆ ١٣٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک، بووە هۆی فراوانبوونی پەراوێزی قازانجی جامبازەکانی دراو، هەروەها هەرزانبوونی دۆلار لە ناوخۆدا ڕێگەی بۆ زیادبوونی هاوردەی کاڵای بیانی و تەشەنەسەندنی قاچاخچێتیی دراو خۆش کرد. سەبارەت بە گرانبوونی نرخی کەلوپەل لە بازاڕەکاندا، وتەبێژی حکومەت هۆکارەکەی بۆ «چاوچنۆکیی هەندێک لە بازرگانان و قۆستنەوەی کاتیی دۆخەکە» گەڕاندەوە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە عەلی زەیدی بە توندی بەکارهێنانی ڕێکاری پۆلیسی و ئەمنی بۆ دەستێوەردان لە بازاڕدا ڕەتدەکاتەوە، لە بەرامبەردا بەمزووانە پاکێجێکی بڕیاری ئابووری دەردەچێت بۆ پاڵپشتیکردنی کاڵاکان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا دەربارەی دۆسیەی وزە و ئابووری، عەبوودی ئاشکرای کرد کە ئابووریی عێراق لە ژێر گەمارۆدایە و هیچ لایەنێکیش ئامادە نەبووە لێخۆشبوون بە بەغدا بدات بۆ تێپەڕاندنی نەوتەکەی بە بازاڕەکاندا. ئاماژەی بەوەش کرد کە شاندی عێراق سەردانی وڵاتانی پەیوەندیدار بە ململانێکەی کردووە، لە سەروویانەوە ئێرانی دراوسێ، و بە ڕوونی تەواوی مەترسییە ئابوورییەکانی بۆ خستوونەتەڕوو، بەڵام سەرەڕای داواکاریی ئاشکرا بۆ هاوکاریکردنی گەلی عێراق لەم قۆناغە سەختەدا تا نەوتەکەی تێپەڕێنێت، لایەنی ئێرانی هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە. وتەبێژی حکومەت باسی لەوەش کرد کە لە ئێستادا کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان نەوتی داشکێنراوی عێراق دەکڕن و دەیگەیەننە بازاڕە جیهانییەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP