ھەرێم نیوز
ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و گرووپی کەتایبی حزبوڵڵا لەسەر ناوچەی "جورف ئەلسەخر" و دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە، دوای ئەوەی سەرکردەیەکی گرووپەکە مۆڵەتەکەی سەرۆکوەزیرانی بۆ کشانەوە ڕەتکردەوە و حکومەتیش جەختی لە دانانی پلانی پاککردنەوەی ناوچەکە کردەوە.
ئەبو تالیب سەعیدی، سەرکردە لە کەتایبی حزبوڵڵای عێراقی، لە میانی گەشتێکی میدیاییدا کە گرووپەکە لە جورف ئەلسەخر ڕێکیخستبوو، بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەو مۆڵەتەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کشانەوەیان دیاریکردووە، بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان داوە و گوتی: "ئەو خەونەی دەبینن بەوەی کەتایب لە جورف ئەلسەخر بکشێتەوە هەرگیز نایەتە دی، تەنانەت ئەگەر لەسەر لاشە و خوێن و برینەکانیشمان بێت."
هاوکات، سەرچاوە ئاگادارەکان ئەمڕۆ سێشەممە ئاشکرایان کردووە کە چەکدارانی کەتایبی حزبوڵڵا ڕێگرییان لە لیژنەیەکی دەسەڵاتی دادوەری کردووە بچنە ناو جورف ئەلسەخر بە مەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لەو ناوچەیەدا.
لە بەرامبەردا، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە حکومەت پلانی وردی داناوە بۆ پاککردنەوەی جورف ئەلسەخر لە هەر لایەن یان گرووپێک کە دەستدرێژی و خراپەکاری بە سامانی نەوتییەوە بکات، و جەختی کردەوە کە بەپێی دەستوور نەوت و غاز موڵکی هەموو عێراقییەکانە.
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکراشی کرد کە کامێراکانی وەزارەتی ناوخۆ تەواوی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان سەبارەت بە قاچاخچێتیی نەوت پشتڕاست کردووەتەوە و ئەنجومەنی وەزیرانیش چەندین بڕیاری توندی لەو بارەیەوە دەرکردووە، ڕاشیگەیاند بەم زووانە حکومەت پێشهاتی نوێ لەسەر ئەو دۆسیەیە بڵاودەکاتەوە.