مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستان تژییە لەو وانانەی کە پێمان دەڵێن: "سیاسەت تەنها ئارەزوو نییە، بەڵکو خوێندنەوەی وردی هاوسەنگی هێزە". ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوو و لە ئێستاشدا دەیبینین، دووبارەبوونەوەی هەمان ئەو سیناریۆیانەیە کە تێیدا یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هەموو وزەی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی بە ئاڕاستەیەکدا ببات کە ببێتە هۆی پاشەکشەپێکردن یان شکستپێهێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام ئەنجامەکە هەمیشە بۆ یەکێتی بریتی بووە لە "شکستێکی تری سیاسی".
یەکێتی لەم دواییانەدا، بە تایبەت لە میانی جوڵەکانی "گوندی ئەڵمانی ٣"، هەوڵیدا بە بەکارهێنانی هێزە نوێیەکان وەک (نەوەی نوێ)، بەرەیەکی دژ بە پارتی دروست بکات. بەڵام کێشەی سەرەکی یەکێتی ئەوەیە کە ئەم جۆرە هاوپەیمانێتییانە بۆ ئەو تەنها وەک "پردی پەڕینەوە" بوون، نەک پڕۆژەیەکی نیشتمانیی ستراتیژی. كاتێك نەوەی نوێ هەستی کرد کە یەکێتی دەیەوێت لەسەر حسابی دەنگدەرانی ئەوان کێبڕکێی پارتی بکات، ململانێکە سڕ بوو. ئەمە دەریخست کە یەکێتی ناتوانێت لە ڕێگەی "تەکتیکی کورت مەودا"وە شکست بە پارتێک بهێنێت کە خاوەنی دامەزراوە و پێگەیەکی جێگیری جەماوەرییە.
وەک چۆن محمەد حەسەنێن هەیكەل دەڵێت، ئەوانەی مێژوو ناخوێننەوە، مەحکومن بەوەی هەمیشە بە منداڵی بمێننەوە. یەکێتی لە زۆر وێستگەدا (لە شەڕی ناوخۆوە تا دەگاتە ململانێی پۆستەکانی بەغداد) هەوڵی داوە ئیرادەی خۆی بەسەر پارتیدا بسەپێنێت، بەڵام هەموو جارێک لە کۆتاییدا ناچار بووە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی، بەو جیاوازییەی کە هەر جارەو بەشێک لە سەنگەر و متمانەی جەماوەریی خۆی لەدەست داوە. گۆڕینی سەنگەر و پەنابردن بۆ لایەنی دەرەکی یان نەیارانی ناوخۆیی، نەک پارتی لاواز نەکرد، بەڵکو ناوچەگەرێتی تۆختر کردەوە و زیانی یەکەمی بەر یەکێتی کەوت.
ئەو لۆژیکەی کە پێی وایە دەتوانرێت لە ڕێگەی "ملشکاندن" یان "پەراوێزخستن" شکست بە ڕکابەر بهێنرێت، لە واقیعی کوردستاندا سەلمێنراوە کە شکستخواردووە. یەکێتی چەندین جار گرەوی لەسەر تێکچوونی ناوماڵی پارتی یان لاوازبوونی پێگەی دیپلۆماسیی ئەو حزبە کردووە، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە پارتی وەک هێزێکی ڕێکخراو توانیویەتی لە قەیرانەکاندا بمێنێتەوە. هەوڵەکانی یەکێتی بۆ دروستکردنی میحوەرێکی دژ، لەبەر ئەوەی بێ پڕۆژە بووە و تەنها لە "دژایەتی"دا کورت بووەتەوە، هەمیشە سەری کێشاوە بۆ "بەردی دێگەڵە" و شکستی هێناوە.
ئێستا هاوڵاتیانی کوردستان گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا لە تێگەیشتن. دەزانن کە زۆربەی ئەم ململانێیانەی یەکێتی دەستی پێکردوون، تەنها بۆ دەستکەوتی حزبی و کاتی بوون. کاتێک یەکێتی دەیەوێت "نەخشە ڕێگا"یەک دابڕێژێت کە تەنها ئامانجەکەی پەکخستنی پارتی بێت نەک خزمەتی گشتی، بێگومان ئەنجامەکەی دەبێتە ئەو بەیاننامە و ڕێککەوتنە "نەزۆکانەی" کە لە مێژوودا چەندین جار بینیمانن.
مێژوو دەیسەلمێنێت کە هەوڵدانی یەکێتی بۆ شکستپێهێنانی پارتی لە ڕێگەی پیلانگێڕی سیاسی یان هاوپەیمانی کاتی لەگەڵ هێزە ناڕازییەکان، هەمیشە وەک "تیرێک بۆ خۆی گەڕاوەتەوە". پارتی وەک واقیعێکی سیاسی ماوەتەوە و ئەوەی زیانی بەرکەوتووە، ئەو هێزانە بوون کە لەبری پڕۆژەی بونیادنەر، تەنها سەرقاڵی "تەکتیکی ملشکاندن" بوون.