دواین هەواڵ

هەنگاوە گەورەکان!

‌شیروان تاڵیب

پێش 1 هەفتە

بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆن و تازەی ئەم ناوچەیە، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەو تورکیایەی کە هەموومان ئەزانین چۆن بووە، دێتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە تەدارەکێکی ڕەسمیی دەوڵەتییانەدا، سەرۆکی هەرێمەکە پێشوازی لێ ئەکا، بەسەر فەرشی سوور و بەبەردەم پێشمەرگە و بەژێر ئاڵای نیشتماندا تێئەپەڕێ، ڕائەوەستێ، دائەنیشێ، لەگەڵ تیمی حوکمڕانانی کوردستان (نەک ئەم حیزب و ئەو حیزب)، بەخۆی و لەشکرێک وەزیرەوە، وەک دوو شاندی دوو دەوڵەتی هاوتا، لە پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی هاوبەش ئەدوێ و قسەش لەسەر شەراکەتی لەمەودوای نێوانیان ئەکا، ڕووداوێکی ئاوا و پەرەسەندنێکی لەو جۆرە، بۆ دەوڵەتی تر نازانم، بەس بۆ دەوڵەتێکی وەک تورکیا، گۆڕانێکە، زوڵمە، غەدرە، بیری تەسک و ئینتیما بۆ مەسەلە بچووکەکان، کار لە گەورەییەکەی بکا!

بۆ ئێمە لەم هەرێمە، گرنگی تورکیا ئەگەر لەهی ئەمریکا زیاتر نەبێ، کەمتر نیە، تاکە دەرگامان بەڕووی دنیای کراوەدا، تەنیا پەنجەرەمان کە بەسەر جیهانی بیر و بازاڕی ئازاددا ئەڕوانێ، هەر ئەوێیە و لەوێیە، ئیتر چۆن مامەڵەی لەگەڵدا ئەکەین و چۆن پەیوەندییمان لەگەڵیدا ڕێک و پێش ئەخەین، ئەوەیان زیاتر ئەکەوێتەوە سەر خۆمان، کە چۆنین و چی ئەکەین!

ئا لەمەدا، چەند باس لە ڕوئیای نێچیرڤان بارزانی بکرێ هەر کەمە، چونکە ئەو چاک لە جێگەی خۆمان و لە پێگەی تورکیاش تێگەیشتووە، لە گۆڕینی تەبیعەتی مەعامەلەی نێوان هەولێر و ئەنکەراش، لە دژایەتییەوە بۆ دۆستایەتی، لە هەڕەشەوە بۆ هاوبەشی، لە حیزبایەتییەوە بۆ دەوڵەتداری، چ کاتی خۆی و چ ئێستا، کاری چاکی کردووە و ئەیکا، بێ ئەوەی بستێک، یان بایی پووشێک، پاشەکشەی لە سەوابتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کردبێ، نەیکردووە و نایکا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP