دواین هەواڵ

رێکەوتنەکەی عێراق و تورکیا

‌فەرەیدوون پەروازە

پێش 1 هەفتە

سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەییدا دەرئەنجامی ئەرێنی بەدواوەیە و ئەگەر دۆخی سیاسی نێوان عێراق و تورکیا ئارام ببێتەوە، هاوکێشی و باڵانسی سیاسی ناوچەکە بە ئاقارێکی دیکەدا دەگۆرێ.

چارەسەری پرسی ئاو، هەناردکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان، پەرەدان بە بازرگانی و هاوکاری سەربازی و لۆجستی هەم بە قازانجی کورد و هەم گەلی عێراقە.

دیارە تورکیا لە پشتی ئەو رێکەوتنانەوە ئامانجگەلی دیکەی وەک ئاوردانەوە لە پێکهاتە تورکەمەنەکان و بەرەی سونە مەزهەب لە عێراقدا هەیە و رێخستنیان بۆ دەکات و هەروەها ئەگەر بۆی بکرێت چالاکییەکانی پەکەکە بەرتەسک دەکاتەوە. دژبەرانی ئەو رێکەوتنە لە عێراقدا حەشدی شەعبی و تارادەیەک یەکێتی نیشتمانییە.

تورکیا دەیهەوێ لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا هەل و دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و هەم بازاری عێراق بە دەست بێنێ و هەم هەیمەنەی لەو وڵاتەدا بەرز بکاتەوە. ئەگەر هەناردەی نەوت بۆ تورکیا چارەسەر ببێ ئەوا بەستراوەیی هەرێمی کوردستان بە بەغداوە( سەبارەت بە مووچە) کەم دەبێتەوە. ئەمریکاش بەو رێکەوتنە دڵخۆشە چوونکا کرانەوەی دەستی تورکیا لە عێراقدا هەم  دەبێتە ئاستەنگ بۆ کۆماری ئیسلامی و هەم بە هاتنە ناو هاوکێشییە سیاسییەکانی عێراق بەرەبەرە لە روسیا دوور ئەکەوێتەوە و بە شێوازی نەخوازراو دەچێتە بەرەی رۆژئاواوە.

پارتێ زۆر حەزی بەو رێکەوتنە کرد و هەرچەن لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دوور لە ئیخلاقی میدیایی هێرش کرایە سەری بەڵام وادیارە بیرۆکەی سەرەکی ئەو رێکەوتنە ئەوان بووبن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP