غەزە لە نێو مامەڵەیەکی نێو دەوڵەتی دایە و لە سەر خواستی ئیسرایل دەبێ چارەنووسی ئەو هەرێمە بە دوو ئاقاردا بروات.
یەکەم : دەرکردنی خەڵکی غەزە و گۆرینی دیمۆگرافی ئەو ناوچەیە.
دووهەم:لە ئەگەری گەرانەوەی خەڵکی غەزەدا دەبێ دەسەڵاتێکی دەسنیشانکراو یا بەستراوەی ئیسرایلی پێک بێت و ئاسەوارێک لە حەماس و هیچ رەوتێکی ئیسلامی نەبینرێ.
سەبارەت بە خاڵی یەکەم واتە دەرکردنی خەڵکی غەزە دەبێ بگوترێ کە ئەو پرسە دواین ئامانجی ناتانیاهۆ و حیزبەکەیەتی. ئەمریکا و ئینگلیز تا رادەیەکی زۆر هاودەنگن لە گە ناتانیاهۆدا بەڵام باقی وڵاتانی رۆژئاوایی دژی ئەو بریارەن. وڵاتانی رۆژئاوایی بە هۆکارگەلی مافی مرۆیی و مەترسی لافاوی پەنابەرانەوە بۆ ئەو وڵاتانە، دژی ئەو هەڵوێستەن.
کۆچی خەڵکی غەزە بەرەو ئوروپا بە دوو هۆکارەوە مەترسیدار دەبێت. یەکەم: خەڵکی غەزە هەر هەمووی ئیسلامە و بە زۆری هۆگرییان بەلای ئیسلامی سیاسی لە جۆری ئیخوانی جیهادیدا هەیە.
دوهەم: خەڵکی غەزە خەڵکێکی شەر دیتوە و هەم هەستی تۆڵەکردنەوەیان لە سەردایە و هەم لە گەل کلتووری وڵاتانی ئوروپاییدا یەک ناگرنەوە هەر بۆیە پێدانی مافی پەنابەری لەو بارودۆخەدا ئەستەمە. ئیسرایل بۆیە کێشمانی شەری غەزە ئەدات هەتا خەڵکەکەی بە بۆنەی برسێتی، ماڵوێرانی و شەرەوە ماندوو ببن و پرژ و بڵاوەی وڵاتانی دەورووبەر ببن. شاری رەفەح دواین سەنگەری حەماس و یەکلاکەرەوەی چارەنووسی خەڵکی غەزە و داهاتوویەتی. ئامانجی ئیسرایل لەو هێرشانەدا تەمێ کردن یا سرینەوەی حەماس نیە بەڵکوو بە ئیسرایلی کردنی ئەو کەرتەیە. حەماس سەرەڕای ئەوەیکە ئەزموونێکی سیاسی و مێژینەی هەبوو، بە ئەنقەست بووبێت یا نە تووشی گەورەترین هەڵەی سیاسی و سەربازی بوو. ئەو حیزبە دەیزانی کە قوڵایی ستراتیژیکی نیە و تەنیا سەنگەر و قەڵغانی بەگری، تۆنێلەکان و خەڵکی هەژار و بێ دەرەتانە لە بەرامبەر ناتۆدا، بەڵام بە دەستپێکردنی گەردەلوولێکی بچووک چارەنووسی خۆی و خەڵکەکەی بە داهاتوویەکی نادیار و ناروون سپارد.
ئازادکردنی دیلکراوەکانی ئیسرایل لە بەرامبەر خاکی غەزەدا مامەڵەیەکی یەک بە هەزارە و تەنانەت ئیسرایل بۆی گرنگ نیە کە بارمتەکراوەکان ئازاد ببن چوونکا وەکوو خۆراکی میدیایی بەردەوام لە دژی حەماس کەڵکی لێ وەردەگرێ و لە لای بیروڕای گشتییدا ناشیرین و مەحکوومی دەکات.
سەرئەنجامی باسەکە ئەوەیە کە غەزە بە هۆی بێ خاوەندارێتی کردنەوە، قەت نابێتەوە بە غەزەکەی جاران و ئەگەریش گوشاری نێودەوڵەتی لە سەر ئیسرایل بێتە ئاراوە دیسانەوە مەرج و شەرتی ئیسرایل بۆ گەرانەوە و بەرێوەبردن و سنووربەندی و ،،، ئەوەندە زۆر دەبێ کە ژیان کردن مەحاڵ دەبێت. غەزە وەک حەوشەی پشتەوە بۆ ئیسرایل گرنگییەکی تایبەتی هەیە و من پێموایە نەک رازی بە گەرانەوەی خەڵکەکەی نابێت بەڵکوو لە سەرەتادا بەشی باکووری غەزە دەکاتە بنکەیەکی سەربازی و فرۆکەخانە بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکان و شەری حیزبوڵا لە داهاتوودا.