دواین هەواڵ

گەڕانەوەی ڕۆڵی ميسر و دەرکردنی قەتەر و ئێران و ئيخوانيزم لە دۆزی فەڵەستين؟

‌رەنج نەوزاد

پێش 2 هەفتە

بە پێی هەواڵەکان ميسر پێشنيار و دەستپێشخەرييەکی پێشکەش کردوە سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە. جارێ بە فەرمی ئيسرائيل و حەماس هيچيان لەبارەوە نەوتووە، بەڵام دەنگۆکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دەستپێشخەرييە لەوانەی پێشوو زیاتر قبوڵکراوە لە لایەن ئيسرائيلەوە. لە ئێستادا هەواڵگری ميسر فشارێکی زۆر لە حەماس دەکات کە قبوڵی بکەن. ناوەڕۆکی پێشنيارەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دەوترێت بريتييە لە دوو قۆناغ، ئاڵوگۆری ديلەکان و دەرەفەتێک بۆ کۆتایی هاتنی جەنگەکە لە قۆناغی دووەمدا.

ئەگەر ئەم هەنگاوەی ميسر سەرکەوتوو بێت و بتوانێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، ئەوا دۆزی فەڵەستين دووبارە ميسر سەرکردایەتی دەکاتەوە، لە ئايندەدا قەتەر و ئێران و تورکيا و ئيخوانييەکانی تا ڕادەیەکی زۆر لێ دەردەکرێت. ئەمەش واتە گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستينی بۆ غەززە، ئيتر ئيخوانييەکانی فەڵەستين (بە ناوی حەماسەوە یان بە ناوی ترەوە) دەبێت ببنە بەشێک لە مونەزەمەی تەحرير. ئەمە بۆ دوورمەودا سوودی بۆ دۆزی فەڵەستين دەبێت و زیانی بۆ باڵی توندڕەوی ئيسرائيل و ئيخوانييەکانی فەڵەستين دەبێت.

بۆچی ميسر دوای حەوت مانگ لە جەنگەکە توانی ئەم هەنگاوە بنێت؟ چونکە: ١. ئيسرائيل گەيشت بە ئامانجی سەرەکی جەنگەکە، ئامانجە ڕانەگێنراوەکە، ئەويش کاولکردنی غەززە بە شێوەیەک کە تا دەیان ساڵی تر هەر کەس ئەو کەرتە حوکم بکات، نەتوانێت ببێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئيسرائيل. درووستکردنی دياردەی کۆچ لە غەززەوە بۆ دەرەوە. سزادانی سەد لە سەدی هاووڵاتيانی غەززە بە ئەندازەیەک کە ئيتر سڵ بکەنەوە بير لە ڕاگەیاندنی جەنگ بکەنەوە دژ بە ئيسرائيل. دوای گەيشتن بەو ئامانجە، ئيتر ئەگەر هەیە نەتانياهۆ بيەوێت بارمتەکانی ئازاد بکات بۆ کەمکردنەوەی فشاری ناوخۆ، سنووردارکردنی بۆردومانکردن بۆ کەمکردنەوەی فشاری نێودەوڵەتی.
٢. سەرەتا قەتەر و ئێران بە تەواوی زاڵبوون بەسەر حەماسدا، دوای شکستی هەموو هەوڵەکانی ئێران و حيزبوڵا و قەتەر بۆ وەستاندنی جەنگەکە و، فشارکردن لە ئيسرائيل. هاوکات داگيرکردنی غەززە لە لایەن سوپای ئيسرائيلەوە، حەماس بۆی دەرکەوت، مەحاڵە بە شەڕ و بۆسە نانەوە و ئەو شێوەیە لە پارتيزانی بتوانێت ئيسرائيل دەربکات لە غەززە. سەرەتا حەماس پێی وابوو ئيسرائيل هێرشی زەمينی ناکات، یاخود بشيکات ناتوانێت بەو ئاسانييە کەرتەکە بگرێت و بيکاتە دوو بەشی لە یەک دابڕاو.

٣. هەموو لایەک بۆی دەرکەوت، ئەو تێڕوانينە هەڵە بوو کە ئيسرائيل ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە دۆخی شەڕدا بێت، هەر وەها بارمتەی هاووڵاتی ئيسرائيلی ئيتر ناتوانێت سنوور بۆ سوپاکەی دابنێت. بۆیە ئێستا حەماس لەبەردەم دوو بژاردەیە، یان کۆتای هاتنی یان بوون بە بەشێک لە مونەزەمەی تەحرير. لە ئێستادا حەماس حوکمی غەززە ناکات، دەيەوێت بگەڕێتەوە، جگە لە مونەزەمەی تەحرير، ئەستەمە هيچ ڕێگایەکی تری هەبێت. بوون بە بەشێک لە مونەزەمەی تەحرير، واتە چوونە ژێر دەستی سيسی ميسر.

ئەمريکاش پشتگيری ئەم هەنگاوەی ميسر دەکات. چونکە لەگەڵ سياسەتی ئەمريکا بەرامبەر بە فەڵەستين دەگونجێت. ئەويش مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستينی بە ناوەندگيری ميسر. پەنابردنی حەماس بۆ ميسر، لەوپەڕی ناچارييەوە هاتووە. بيرمان نەچێت ميسر لە ئێستادا واتە سيسی! ئایا سيسی کێشەیەک بۆ حەماس چارەسەر بکات، یان بيەوێت ئايندەی غەززە دياريبکات، دەبێت چ گورزێک بێت لە ئيخوانيزم!

لە ڕاستيدا دۆزی فەڵەستين ميسر درووستی کردوە و ئيدارە و سەرکردایەتی کردوە. پرسی شەڕی عەرەب (وەک دەوڵەت) و ئيسرائيل ميسر سەرکردایەتی دەکرد، کۆتایی هاتنی ئەو شەڕەش لە ١٩٧٨ هەر بڕياری ئەو دەوڵەتە بوو. لەو کاتەوە، شەڕی ئيسرائيل لەگەڵ گروپ و ميليشياکانە، نەک لەگەڵ دەوڵەتەکان، ئەمەش بۆ ئيسرائيل هەرگيز نابێتە مەترسييەکی ستراتيژی و خاک لە دەستبدات، تەنيا سەرئێشەیە. غەززە سەر بە ميسر بوو، ئيسرائيل ڕازی بوو ئەو کەرتە لەگەڵ بيابانی سينا بداتەوە بە ميسر، بەڵام ميسر ڕەتی کردوە. ئێستاش ئايندەی غەززە پەيوەستە بە یەک بڕياری سيسی، ئەگەر سنووری ڕەفەح بکاتەوە، غەززە کۆتایی دێت چونکە زۆرينەی بەجێیدەهێڵن. ئەم هەقيقەتە ئيخوانييەکان نايانەوێت قبوڵی بکەن، هەر بۆیە پەنا دەبەنە بەر ئێران و قەتەر و تورکيا، ئێستاش خەريکە پەنا دەبەنە بەر چين! پێشتر ڕووسيا. دۆزی فەڵەستينيان لە دۆزێکی نيشتيمانی و عەرەبييەوە کردە دۆزێکی ئيسلامی، پاشان ئێرانی، ئێستا خەريکە دەبێتە دۆزێکی گروپەکانی پەلکەزێرينە! واتە پرسی ئازادکردنی قوودس بووە بە پرسێکی گەی و لێسبيەن و ترانس و ئەوانەی ئيخوانييەکانی باشوور پێيان دەڵێن جێندەربازەکان! لە کاتێکدا کليلەکە تەنيا لای ميسرە، کە درووستکەر و ڕابەر و ئاڕاستەکەر و خاوەنی دۆزی فەڵەستينە.

ڕۆڵی ميسر، لە سەردەمی جەمال عەبدوڵناسرەوە، لە دنيای عەرەبی رۆڵێکی یەک لاکەرەوە بووە بۆ زۆرێک لە پرسە سياسی و بزوتنەوە رزگاريخوازەکانی ناوچەکە. بۆ نموونە ڕۆڵی جەمال عەبدوڵناسر لە شۆرشی جەزائير (١٩٥٤-١٩٦٢)، کە حەماس و ئيخوانييەکان زۆربەی کات باسی شۆڕشی جەزائير دەکەن گوایە نموونەیەکە بۆ فەڵەستينييەکان، ڕۆڵێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو یەک لاکەرەوە بووە. وەزيری دەرەوەی ئەو کاتی فەرەنسا دەيوت " هەموو ئەوەی لە جەزائير ڕوودەدات هۆکارەکەی هاوکارييەکانی ميسرە، ئەگەر بوەستێت ئەوا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە". یەکێک لە هۆکارە سەرەکييەکانی هێرشەکەی فەرەنسا و بەڕيتانيا و ئيسرائيل بۆ سەر ميسر لە ١٩٥٦ ئەو ڕۆڵەی بوو لە شۆڕشی جەزائير. لە بەياننامەیەکی بەرەی ڕزگاری نیشتمانی جەزائیر (شۆڕشکێرەکان) ئاماژە بەوە دەکرێت هەموو جەزائيرييەک دەزانێت ميسر قوربانی ئەوە دەدات کە بەرگری لە شۆرشی جەزائير دەکات، لەو بەياننامەیەدا جەمال عەبدوڵناسر بە "پاڵەوانە نەمرەکە" ناوی هاتووە. حکومەتی کاتی جەزائير، حکومەتی شۆڕشکێرەکان، لە قاهيرە بوو. (سي الحواس) سەرکردەی دياری شۆڕشی جەزائيری لە کاتی هێڕشی ئەو سێ دەوڵەتە بۆ سەر ميسر، دەڵێت" ئەگەر ميسر سەرکەوێت، شۆڕشی جەزائير سەردەکەوێت، ئەگەر بدۆڕێت، ئەوا شۆڕشی جەزائير شکست دەهێنێت".

هاوکات، قاهيرە لەو سەردەمەدا ناوەندی بزوتنەوە سەربەخۆيخوازەکانی ليبيا و تونس و مەغريبيش بوو. جەمال عەبدوڵناسر هاوکاری گەورەی ئەوانيشی دەکرد، هەر وەک چۆن ڕابەرایەتی دۆزی فەڵەستينيشی دەکرد. ئایا لەو کاتەدا کێ گەورەترين دووژمنی ئيخوانييەکان بوو؟ ئيسرائيل وفەرەنسا و بەڕيتانيا؟ بێ گومان نەخێر، گەورەترين دووژمنيان جەمال عەبدوڵناسر بوو! ميسر چوار جار چووەتە جەنگەوە بەرامبەر بە ئيسرائيل، ئێران و قەتەر و تورکيا بە هەموویانەوە بۆ چوار خولەکيش بيريیان لەوە نەکردوەتە بچنە جەنگەوە دژ بە ئيسرائيل. لای ئيخوان ميسر زايۆنييە و ئەو سێ وڵاتە لەگەڵ مقاوەمەن!

جارێ ڕوون نييە ئایا ميسر سەرکەوتوو دەبێت لەوەی دووبارە دۆزی فەڵەستين ئيدارە بدات یا نا، ئەگەر سەرکەوتوو بێت، ئەوا سيسی، بە هاوکاری ئەمريکا و ئيماڕات و سعوودييە، ڕۆڵی قەتەر و ئێران و تورکيا و ئيخوان بەرەو نزمترين ئاست دەبات لە دۆزی فەڵەستين. گەورەترين ڕێگری لەبەردەم ئەم هەنگاوە، باڵی توندڕەوی ئيسرائيلە، واتە ئەم حکومەتەی ئێستا، کە توندڕەوترين حکومەتە لە مێژووی ئيسرائيلدا. ئەگەر حەماس حەوتی ئۆکتۆبەری نەکردایە، ئەگەر زۆر بوو ئەم حکومەتە پێش چەند مانگێک هەڵبوەشایەتەوە. قەتەر و ئێرانيش لە ڕێگەی حەماسەکانی دەوحەوە، هەوڵدەدەن ڕێگری درووست بکەن بۆ ئەم هەنگاوەی ميسر، بە تايبەت لە ئايندەدا.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP