نامه‌وێ له‌م وتاره‌دا باس له پێناسه‌ی فه‌لسه‌فه بكه‌م و، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م چه‌مكه، كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له لایه‌ن گریكه‌كانه‌وه به (خۆشه‌ویستی ژیری) باسكراوه، به درێژایی زیاتر له دوو هه‌زار و پێنچسه‌د ساڵ له سه‌رهه‌ڵدانی، یه‌كێكه له سه‌رچاوه گرنگه‌كانی هزری مرۆڤایه‌تی له ڕێڕه‌و و ئاراسته‌ی خۆیدا بۆ گه‌یشتن و لیًكدانه‌وه‌ی مانا و ناوه‌ڕۆكی جیهان و، له‌م كاروانه‌شدا قوتابخانه‌ی جیاواز له پێناسه‌كردن و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ركی فه‌لسه‌فه و ڕۆڵی له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵوێستی ئه‌رینی و نه‌رێنی له بوونی فه‌لسه‌فه له میانه‌ی یاسای ناكۆكی و ململانییه‌كان، كه خودی ئه‌م یاسایه‌ش ده‌سته‌واژه‌یه‌كی فه‌لسه‌فییه، هاتۆته كایه‌وه، بۆیه ده‌بینین فه‌یله‌سۆفه‌كان شوێنی دیاری خۆیان له نێو به‌شداربووان له به‌رهه‌مهێنانی ڕۆشنبیری له بواری هزر و هۆشمه‌ندی مرۆڤایه‌تی و جیهانی زانست و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ژیانی مرۆڤ و سروشت، هه‌بووه.
لێكدانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ سه‌رجه‌م گۆڕانكارییه‌كان، كه به درێژایی مێژوو ڕوویانداوه و ده‌ستنیشانی شێوازی به‌شداریبوونیان له‌و گۆڕانكارییانه، به‌شێك بووه له‌و ئه‌ركه، كه فه‌لسه‌فه بینیوێتی. ئه‌م بابه‌ته له لێكدانه‌وه‌كان بۆ سروشت و په‌ره‌سه‌ندنه‌كان له بواری سه‌رجه‌م زانست له‌و بواره‌دا دانبڕاوه. به‌م جۆره فه‌لسه‌فه توێژینه‌وه‌ی واقیع و بابه‌تی بوون و، به‌شێك له ئاراسته‌بوونی مرۆڤ بۆ تێگه‌یشتن وبه‌فراوان بینینی له ژیان بووه.
ئاماژه‌كردن به مێژووی فه‌لسه‌فه و په‌ره‌سه‌ندنی و ڕۆڵی له ژیانی مرۆڤدا، ئه‌و ڕاستییه ده‌رده‌خات، كه فه‌لسه‌فه هونه‌ری بیركردنه‌وه و هه‌وڵدان بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیع و خستنه‌ڕووی پرسیاره ئاڵۆز و سه‌ره‌كییه‌كان بووه.
له ڕێگای فه‌لسه‌فه‌وه مێژوو خوێنراوه‌ته‌وه و دیارده‌كان له بازنه‌ی خودی مێژووبوونیدا خوێنراوه‌ته‌وه و ئاماژه به كارتێكردنی هۆكاری خودی و بابه‌تی له‌سه‌ر یه‌كتر كراوه و، هۆكاری درووستبوون و گۆرانكاری و گه‌شه‌سه‌ندن و كۆتایهاتنی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و نه‌ریته ڕه‌وشتییه‌كان خراونه‌ته ڕوو.
ئه‌م كاروانه‌ی مێژووی فه‌لسه‌فه له چه‌مكی لۆجیك به قوتابخانه جیاوازه‌كانییه‌وه و بیری عه‌قلانی دانه‌بڕاوه و، به‌شێك له پێداویستییه ڕووحی و مادییه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی بووه.
به‌م جۆره فه‌لسه‌فه وه‌ك هونه‌ری بیركردنه‌وه، ئه‌ركێكی مه‌عریفی و لۆجیكی و ڕه‌وشتی و ئستاتیكی، وه‌ك به‌شێك له پرۆسه‌ی بنیاتنانی مرۆڤ له مێژوودا بینیه‌وه، جگه له ئه‌ركێكی ئێجگار گرنگ دیكه له بواری درووستكردن و گه‌شه‌كردنی عه‌قلی ڕه‌خنه‌گرانه.
ئه‌گه‌ر پێشتر و له میانه‌ی توێژینه‌وه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، فه‌لسه‌فه وه‌ك پێداویستییه‌ك شوێنی خۆی و ئه‌ركه بابه‌تییه‌كه‌ی خۆی كردبێت، ئه‌وا ئه‌و پێداویستییه له چوارچێوه‌ی ڕابووردوو نامێنێته‌وه و، ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تی بۆ ئێستا و ئاینده‌ی خۆی پێویستی به فه‌لسه‌فه هه‌یه.
پرسیاره ئاڵۆزه‌كان سه‌باره‌ت به بوون و ژیان، كۆتایی نه‌هاتووه. دیارده نوێكانی باری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاراسته ئابوورییه‌كان و كارتێكردنیان له‌سه‌ر ژیانی ئێستا و دوواڕۆژی مرۆڤایه‌تی، به‌رده‌وام ئه‌گه‌ر و گریمانه‌ی نوێ ده‌خاته ڕوو. ئه‌م ئه‌گه‌ر و گریمانانه‌ش له دۆزینه‌وه زانستییه نوێكان له بواری گه‌ردوون و هۆشداری ده‌ستكرد و جیهانگیری و وپه‌یوه‌ندییان به مرۆڤه‌وه، كۆتایی نه‌هاتووه.
ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی پێویستییان به گه‌شه‌سه‌ندن و رزگاربوون و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌قامگیری و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، وه‌ك گه‌لی كوردستان، پێویستی زیاتر به فه‌لسه‌فه هه‌یه.
جگه له تێكڕای ئه‌م بابه‌تانه‌ی سه‌باره‌ت به گرنگی و پێداویستی فه‌له‌سه‌فه باسمان كرد، چه‌مك و ده‌سته‌واژه فه‌لسه‌فییه‌كان بواری نزیكبوونه‌وه و له‌یه‌كتر تێگه‌یشتنی پێكهاته مرۆییه‌كانی كۆمه‌ڵگای جیاواز سه‌باره‌ت به بابه‌تی هاوبه‌ش و چاره‌نووسی هاوبه‌ش ئاسانتر ده‌كات.
له خستنه‌ڕووی تێكراِی ئه‌م گرنگه و پێداویستیبوونه‌ی فه‌له‌سه‌فه له ژیانی ئیمه‌دا، فه‌لسه‌فه زێده‌ڕۆیی هزری نییه و، پێویستییه‌كی لۆكس نییه، كه مرۆڤایه‌تی به گشتی و ئێمه‌ش له كوردستاندا خۆمانی لێ بێبه‌ش كه‌ین.
فه‌رامۆشكردنی فه‌لسه‌فه له ژیان و خوێندندا، فه‌رامۆشكردنی عه‌قڵه له ڕه‌خنه‌گرتن و شێكردنه‌وه و تێگه‌یشتن.
له ڕوانگه‌ی گرنگی فه‌لسه‌فه له ژیانی مرۆڤایه‌تیدا، یۆنسكۆ له ساڵی 2002 ڕۆژی جیهانی فه‌لسه‌فه‌ی ده‌ستنیشانكرد. مه‌به‌ست له‌م هه‌نگاوه نێوده‌وڵه‌تییه هاندانی شیكردنه‌وه و توێژینه‌وه فه‌لسه‌فییه‌كانه، سه‌باره‌ت به بابه‌ته هاوچه‌رخه‌كان، به مه‌به‌ستی ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كانی سه‌رده‌م و، ئاڵوگۆڕكردنی كه‌له‌پووری فه‌لسه‌فی به جۆرێك پابه‌ندبوونێكی نیشتمانی بۆ پشتگیریكردنی فه‌لسه‌فه ئه‌نجام بدرێت و، ڕای گشتی به بابه‌تی گرنگی فه‌لسه‌فه و تێڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو به هاندانی خوێندنی فه‌لسه‌فه له قۆناغه جیاوازه‌كانی خوێندن به‌تایبه‌تی له زانكۆكاندا، گۆشبكرێت.
له چوارچێوه‌ی ئه‌م تێكه‌یشتنه بۆ ئه‌رك و ڕۆڵی فه‌لسه‌فه بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئاشتی جیهان و دیموكراسی و مافی مرۆڤ و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی سه‌قامگیر ده‌بێت.
مامه‌ڵه‌كردن له گه‌ڵ توێژینه‌وه‌كانی بواری فه‌لسه‌فه به شێوه‌یكی مێژوویی دوور بووه له تێڕوانین بۆ فه‌لسه‌فه له سونگه‌ی میكانیزمه‌كانی بازاڕی سه‌رمایه‌داری، كه‌چی زانكۆی سه‌لاحه‌دین ساڵی پار بڕیاری دا پۆلی یه‌كی به‌شی فه‌لسه‌فه له كۆلیجی ئاداب نه‌كاته‌وه ، چونكه ژماره‌ی قوتابیانی داواكاری خوێندنی فه‌لسه‌فه كه‌م بووه و هۆكاری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه، كه ده‌رچووی فه‌لسه‌فه بواری كاركردنی نییه و بێكار ده‌بێت و، هه‌ڵبه‌ته‌ش ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی حكومه‌ته‌وه هه‌یه، كه خوێندنی بابه‌تێكی گرنگ وه‌ك فه‌لسه‌فه به میكانیزمه‌كانی بازاڕی سه‌رمایه‌داری ده‌به‌ستێته‌وه.
خوێندنی بواری فه‌لسه‌فه به گه‌ڕانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی زاتی كتێبه فه‌لسه‌فییه‌كان سه‌ڕه‌ڕای گرنگیبوونی، به شێوه‌یكی میتۆدی ئه‌نجام نادرێت و، ئه‌م شێوازه شوێنی كۆلیجی تایبه‌ت به فه‌لسه‌فه ناگرێته‌وه، ته‌نیا له‌و حاڵه‌تانه‌دا نه‌بێت كه پێمان وابێت كوردستان پێویستی به فه‌لسه‌فه نییه!
كاتێك ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌قدۆنی یۆنان جێده‌هێڵی و به‌ره‌و داگیركردنی وڵاتانی دیكه ده‌ڕوات، هه‌واڵی پێده‌گات، كه ئه‌رستۆی مامۆستای، كۆمه‌ڵێك كتێبی سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه بڵاوكردۆته‌وه و، به‌م هۆیه‌وه زۆر لێی نیگه‌ران ده‌بێت، كه زانیاری فه‌لسه‌فه‌ی بۆ هه‌موو خه‌ڵك بڵاوكردۆته‌وه و گشتاندوویه‌تی و، ده‌بوایه ته‌نیا بۆ خۆی و تاقمی حوكمران بوایه. ئه‌رستۆ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت خه‌م مه‌خۆ ته‌نیا به كتێب خه‌ڵك فیری فه‌لسه‌فه نابێت ئه‌وانه فێر ده‌بن كه وانه‌م لا وه‌رده‌گرن.