دواین هەواڵ

گەڕانەوەی سەردەمی ئیمپریالیزم

‌ئەردەڵان عەبدوڵڵا

6 کاتژمێر پێش ئێستا

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هیچ چەمکێکی فکری هێندەی (ئیمپریالیزم) لەناو بیرمەندانی چەپ و راستدا قسەی لەبارەوە نەکراوە، بەتایبەتی لەناو بزووتنەوەی چەپدا لە پێش هەموویانەوە (لینین، ترۆتسکی، کاوتسکی، رۆزا لۆکسمبورگ، بوخارین) بەگشتی هەموویان لەسەر ئەوە کۆکبوون کە ئیمپریالیزم قۆناغ و سیاسەتێکی قیزەون و نا مرۆڤانەی وڵاتە سەرمایەدارە گەورەکانی جیهانە کە لە دژی وڵاتانی تر بەکاریدەهێنن، بەتایبەتی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین. 

هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ کۆبوونەوەی داڤوس لە سویسرا لە میدیاکانی جیهاندا گرنگی پێ نەدراوە، هۆکاری ئەمەش بەشداربوونی سەرۆکی وڵاتانی ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و کەنداو زۆر وڵاتی تر بوو. لە هەمووی گرنگتر لەم کۆبوونەوەیەدا ئەمریکا لە زاری سەرۆکەکەیەوە سیاسەتێکی نوێی بۆ جیهان راگەیاند، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە داگیرکردنی گرینلاند و کەنەداوەوە هەبوو، ئەمەش وایکرد کە سەرانی وڵاتانی ئەوروپا و کەنەداش بەتوندی وەڵامی ترەمپ بددەنەوە. 

کاتێک گوێم بۆ وتەی سەرۆکی فەرەنسا و کەنەدا و ئەڵمانیا گرت، هەستمدەکرد گوێ بۆ رابەرە چەپەکانی سەدەی پێشوو دەگرم. سەرۆک وەزیرانی کەنەدا وتی: ئەوەی ئەمڕۆ ترەمپ دەیەوێت سەپاندنی یاسایەکە کە سەرچاوەکەی هێزە و وڵاتە بەهێزەکان بەسەر وڵاتە لاوازەکاندا دەیسەپێنن. ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساش وتی: ئەمەی کە ترەمپ داوای دەکات، لەناوبردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری وڵاتانە، ئەمەش مانای کۆڵنیالیزمی نوێیە، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک دژی دەوەستینەوە. 

ئەم قسانەی ترەمپ و سیاسەتە نوێکەی، لەهەموو جیهاندا مایەی قسە لەسەرکردن و شرۆڤەکردنە، هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە ئەو سیستمەی لەپاش جەنگی جیهانی دووەمەوە دامەزراوە، تاڕادەیەکی زۆرباش ئاشتیی و ئارامی بۆ بەشێک لە جیهان هێنابوو، بەتایبەتی وڵاتانی خۆرئاوا، بەڵام ئەمەش تاماوەیەک بوو، لەپاش رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و زاڵبوونی ئەمریکا وەکو تاکە زلهێزی جیهان، مرۆڤایەتی پێویستی بە سیستمێکی نوێی جیهان هەیە. لەم چەند ساڵەی دواییشدا، لەگەڵ بەهێزبوونی چەند دەوڵەتێک، هەندێکیان وەکو زلهێزی جیهانی دەرکەوتن وەکو (چین، روسیا، هیندستان)، هەروەها دروستبوونی چەند زلهێزێکی ئیقلیمی لە جیهاندا، دووبارە ئاشتی جیهان کەوتۆتە بەر ترسی لەناوچوون. لەگەڵ داگیرکردنی ئەفغانستان و عیراق لەلایەن ئەمریکاوە، لەسەرەتاکانی هەزارەی دووەم، پاشان داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە، هەروەها پەلاماردان و سیاسەتە داگیرکارییەکانی تورکیا لە ناوچەکە، جیهان رووبەڕووی مەترسی لەناوچوونی ئاشتی و گەڕانەوەی هێزە ئیمپریالیستەکان بۆتەوە. 

ئەو سیستمە جیهانییەی کە ئێستا لەلایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە پەیڕەودەکرێت، ناتوانێت کێشە گەورەکان جیهان چارەسەربکات لەپێش هەموویانە (ئاشتی، پاراستنی دەوڵەت و نەتەوە بچووکەکان، پیسبوونی ژینگە، کۆچ، جەنگ و ماڵوێرانی، کارەساتی سروشتی و برسێتی، مەترسی ژیریی دەستکرد و جەنگی سایبەری، تیرۆر) جگە لە سەرهەڵدانی تەنگەژەی گەورەی ئابووری چەند ساڵ جار لە جیهاندا، هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێن کە جیهان پێویستی بە سیستمێکی نوێ هەیە، بۆئەوەی بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام لەهەمانکاتشدا مەترسی بەهێزبوونی زلهێزە جیهانی و ئیقلیمییەکان، وایکردووە هێندەی لە جیهانێکی ئاشتی و ئارام و بێ کێشە نزیکبینەوە، لە جیهانێکی بەربەریی و ئیمپریالیست نزیکدەبینەوە، ئەمەش وادەکات کە چارەنووسی مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر و لەناوچوون بچێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP