دواین هەواڵ

یەکڕیزیی چیە؟

‌د.سەردار عەزیز

18/09/2023

یەکڕیزیی یان بونیادنانی یەکێتی یان هاوبەشی لە پێناو بەیەکەوەبون و سود بەیەک گەیاندن، دۆخێکی کاتیی نیە. تێگەیشتنی کورد بۆ ئەم دیاردەیە وەک زۆر شتی تر سەقەتە. کورد وەها دەزانێت یەکڕیزیی لە کاتی سەختی یان قەیران، یان مەترسی دەرەکی پێویستە. یەکڕیزی هێشتا وەها بیری لێدەکرێتەوە کە ئێمە لە دۆخی جەنگیی سەدە ناوەندییەکانداین، پێویستمان بەم یەکڕیزییەیە هەتا بجەنگین یان بەرگریی بکەین.

تەنانەت چەمکەکە خۆی سەربازیانە دیارە. بەڵام ئەم خەسڵەتە پێویستی بە تێگەیشتنی قوڵ و تایبەت هەیە. گەر تۆ ئایدیات نەبێت بەوەی چۆن، بۆ، پێکەوەبیت یان ببیت بە یەکڕیز، بەڵکو پاڵنەرەکەت مەترسی یان دۆخێکی هەنوکەیی بێت، ئەوا بە گۆڕانی دۆخەکە یەکڕیزییەکە هەڵدەوەشێت.

کورد دەبێت یەکڕیزی لە دۆخی جەنگی و ململانێ بهێنێتە دەرەوە، تێگەیشتنێکی تری بۆ بونیادنێت. تۆ پێویستت بە یەکێتیە بۆ ئەوەی باشتر حوکم بکەیت، بۆ ئەوەی وزەت بە فیڕۆ نەدەیت لە پەرتبوندا، بۆ ئەوەی بتوانێت ئیدارە بدەیت، حوکمداریی بەڕێوەبەریت، نەک بۆ ئەوەی بەرامبەر دوژمن بوەستیت.

کورد هەرگیز لە مێژودا نەیتوانیوە و نەیزانیوە چۆن یەک بێت. یەکبون، لە دەرەوەی خێزان و خێڵ و بنەما تەقلیدییەکان، لە سەردەمی مۆدێرندا هاتە ئاراوە، لە شێوازی نەتەوەدا. نەتەوە بەیەکەوەبونێکی دەستکردی مەدەنیە، کە لە ڕێگای بنەما عەلمانییەکانەوە، وەک سیمبول، چیرۆک، بەئاگابون، وێناکردن و خەیاڵەوە دێتە ئاراوە.

هەموو ئەمانە کاتێک بەرجەستە دەبن کە دەزگا هەبێت.

کاتێک ئەمریکاییەکان لە ساڵی ١٩٩٨ یەکێتی و پارتی ئاشت دەکەنەوە، وەها وێنای دەکەن کە لە میانەی دەزگاکانی حکومەتدا دەتوانن بەیەکەوەبون یان یەکڕیزییان بە دەزگایی بکەن و ڕۆڵ و کار و کاریگەرییەکان لە سەر بنەمای یاسا دابەش بکەن و لە میانەی پێکەوە ژیاندا ترسیان لە یەکتر کەمبێتەوە و بڕوایان بە یەکتر زیاتر بێت و بتوانن حکومەتێکی کارا دروست بکەن.

دیارە ئەمە دیدێکی عەقلانی، عەلمانییە، بە مانای دونیایی. بەڵام بۆ کورد ناگونجێت. چونکە کورد نازانێت دەبێت بەو ڕێچکەیەدا بڕوات، دەبێت بۆ ئەو ئامانجە هەوڵ بدات. ئەو نە بیرمەندی هەیە، نە لێکۆڵەری هەیە، نە دەخوێنێتەوە، نە خۆی بە بەرپرس دەزانێت، بەڵکو زۆر زوو ئامادەیە پەرت بێت و سەنگەر لە یەکتر بگرێت.

هەندێک کۆلکە خوێندەوار ڕەخنەیان لە یەکڕیزی ئەوەیە کە سیاسەت یانی جیاوازی بۆیە یەکڕیزی دژی سیاسەتە. ئەمە خراپ تێگەیشتنە لە جیاوازی، لە سیاسەت. یەکێک لەوانەی کە سیاسەت بە جیاوازی دەبینێت هەنا ئارێنتە، کە قوربانیی دەستی شمولەیەتە. ئارێنت باس لە جیاوازی دەکات وەک کرۆکی سیاسەت، نەک پەرتبون. مەبەستی ئەو لە جیاوازی دژایەتیکردنی تۆتالیتالیزمە.
یەکبون یان یەکێتی یان یەکڕیزی، دەبێت وەک جەستە وەها بێت، ئۆرگانەکانی جیاوازن، بەڵام پێکەوە کاردەکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP