دواین هەواڵ

دیوە هەڵەو حساببۆنەکراوەکەی ڕێگریکردن لە خەڵاتکردنەکەی م عەبدوڵڵای حەسەن زادە

‌ئەبوبەكر كاروانی

15/05/2024

هەموومان بەئاستی جیاواز ئاگاداری هەستیاری و جۆری پەیوەندییەکانی نێوان زۆن وهێزە کوردییە دەسەڵاتدارەکانی باشوورین لەگەڵ ئێران. ئەوەش دەزانین ناکۆکی نێوان دوو هێزەکەو نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی بەواتای وشە لەهەرێمدا، پێگەیانی بەرامبەر دەوروبەر لاوازکردووە، بەجۆرێك هەندێجار دەچنە دۆخی کێبڕکێی یەکترەوە بۆ ڕازیکردنی ئەویدی دەوڵەتی هەرێمی لەسەر حسابی یەکترو پڕۆژەی نیشتیمانیی کوردی باشوور!
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دەزگاو بەرپرسەکان ولەوانەش دەزگا ئەمنییەکان لەم روەوە هووشیارتر بن. بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ وردەکاری ڕێکەوتنەکان و لێکتێگەیشتن وکەیسەکان بکەن، بتوانن لەژێریدا دەربچن. چونکە ئەوەی دەیکەن تەنها کردەیەکی کارگێڕی وئۆپەراسیۆنی رووت و سنووردار نییە، بەڵکو دەبێتە پێشینە و پێوەر لەدەستی بەرامبەر بۆ هەڵسەنگاندنی داهاتوو، واتە چاوەروانی درووست دەکات و وێناشت دەستکاری دەکات. هەموو ئەوەش لێکەوتەی سیاسی هەیە.

ئەوەی بەرامبەر چالاکییەکەی دامەزراوەی کەریمی عەلەکەو مامۆستا عەبدووڵاش روویدا لەم چوار چێوەدا دەبێت بەکارێکی هەڵە. لەبەرئەوەی چالاکییەکە ڕۆشنبیریی رووتبوو، هیچ مۆرکێکی سیاسی پێوە نەبوو، ئامادەیی مامۆستای ناوبراویش نایکات بەسیاسی، چونکە جگە لەوەی لەئێستادا لێپرسراوێتی حیزبیی زەقی نییە، وەك زمانزان و وەرگێڕێك بانگێش کرابوو.

ئەمە جگەلەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات بە هێزی لێپرسراو بەرامبەر دۆخی باشوور ناسراون. بنەرەت تیایاندا لێپرسراوێتی لەئەستۆگرتن، رەچاوکردنی هەستیارییەکان وکارکردن بووە لەچوار چێوەی هێڵە دیاریکراوەکاندا، ئەگەر بەروواڵەت هێزی چەکدار بووبن، بەکردەوە چەندین ساڵە ئەوجۆرە خەباتەیان سڕکردووە.

کاتێك دەزگا ئەمنییەکان چالاکییەکی لەم جۆرە هەڵدەوە شێننەوە، بارگرانی بۆ خۆیان درووست دەکەن و لەداهاتوودا ئەرکەکانیان قورستر دەکەن.

چوونکە بەم کارە بەشێ لەناوەرۆکی لێکتێگەیشتەکان و ڕێکەتننامە ئەمنییەکەی ئەم دوواییەی نێوان ئێران وعێراق لێکدەدەنەوە. کاتێك ئەم لێکدانەوەش بگات بەئاستی، ونکردنی هەمەلایەنەی دەنگ ورەنگی رۆژهەڵاتیەکان لەهەرێم ودەرنەکەوتن لەهیچ جۆرە چالاکییەکدا بامۆرکی سیاسیشی نەبێت، لەجیاتی ئەوەی خزمەت بەپیادەکردنێکی میانەرەوانەی ڕێکەوتنەکان بکات، بیانوویەکی زۆرتر بەدەست هەندێ دام و دەزگای ئێرانەوە دەدات بۆفشارکردن وبەرزکردنەوەی سەقفی داواکارییەکانیان. بۆ رۆژهەڵاتیەکانیش قورس دەبێت پێوەی پابەندبن، ئەمە جگەلەوەی دەشبێتە کەرەسەی موزایەدەی نێوخۆیی نێوان دام و دەزگای دوو زۆنەکە. ئەوەش وریای نەبین کێشەکان ئاڵۆز دەکات.

دەستداگرتنی زیاد لەپێویست بۆ پابەندبوون بەڕیکەوتنەکانەوە لەجیاتی پاداشت تێکچوونی پەیوەندی و نارەزایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێ، ئەمە جگەلەوەی ئەم جۆرە ڕاڤە بۆ ڕێکەوتنەکەو ماددەکانی هەموو کارتێك بەدەست بەرپرسە حیزبی وئەمنییەکانەوە دەسووتێنێ، بەوواتایەی، ئەگەر لەداهاتوودا فشاری زۆرتر لە هەرێم کرا تۆ ئەو سەنگەرەی کەدەبێت بۆی بکشێتەوە ڕادەستت کردووە.

بۆیە واراسترە بەرپرسەکان متمانە بەخۆتر مامەڵە لەگەڵ کەیسەکە بکەن وگفتووگۆ بکەن، باری سەرنج وبەرژەوەندیی بەرامبەر وەك ماددەی ڕێکەوتن ولێکدانەوەی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ نەکەن، پابەندی خۆیان بۆ ڕێکەوتنەکان دووبارە بکەنەوە بەتێگەیشتن وگیانی هەست بەلێپرسراویی نەتەوەیی وئەخلاقیی وپیشەی خۆیانەوە. لەبەرئەوەی ململانێکان زۆریان ماوە وبەڕێوە بردنیان متمانە بەخۆبوون، دووربینی، کارامەیی ونەرمی وجددییەتی زۆریان دەوێت. زۆر گرنگیشە لەبڕیاری سەرپێی دوور بکەونەوە. هێزە ئەمنییەکانیش بالەبنەرەتیشدا رۆڵی جێبەجێکار ببین لەم پرسانەدا لە تاووتوێکردنی بژاردەکان وداڕشتنی بڕیاردا بەشداربن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP