هەرێم نیوز
کای سینات، ستریمەری یوتیوب و تویچ، بۆ ماوەیەک لە شەقامەکاندا جەنجاڵی دروست دەکرد.
ئەم ستریمەرە بەناوبانگە بە هەوادارەکانی ڕاگەیاند کە بەنیازە پلەیستەیشن ٥ بە خۆڕایی دابین بکات بۆ هەوادارەکانی و وتی بۆ ئەوەی ئەم دیارییە بەدەست بهێنیت، وەرە بۆ یونیون سکوێری و ئامادەبە بۆ وەرگرتنی دیاری ئێمە. بەمەش چەند هەزار کەس ڕوویان لە شوێنی دیاریکراو کرد.
ئەم ستریمەرە پشێوی لە شەقامەکاندا دروستکرد و گەیشتە ئەو ئاستەی کە ٦٥ کەس دەستگیرکران و بەشێک لە ئامادەبووان برینداربوون.
سینات بە تۆمەتی کۆبوونەوەی نایاسایی و ئاژاوەگێڕی تۆمەتبار کراوە. ئەم ستریمەرە بڕیار بوو لە کاتژمێر ١٦:٠٠ دەست بە دابەشکردنی دیارییەکان بکات، بەڵام کاتێک گەیشتە کاتی دیاریکراو، بارو دۆخەکا تێکچوو.
دەوترێت بەشێک لە ئامادەبووان چوونەتە باڵەخانەیەکی تەنیشت قەرەباڵغییەکە و بە کەرەستەی بیناسازی لەگەڵ خەڵکدا تێکهەڵچوون و کەرەستەکانیان فڕێداوەتە سەر خەڵک.
دواتر پۆلیس فەرمانی بە خەڵکەکە کردووە کە شوێنەکە بەجێبهێڵن، بەڵام خەڵکەکە لەبری ئەوەی شوێن پۆلیس بکەون، هێرشیان کردووەتە سەریان و زبڵیان بۆ ئەفسەرەکان فڕێداوە و ناکۆکییان دروستکردووە.
یەکێک لە ئامادەبووان ڕایگەیاند کە دۆخەکە ئارامەبوو تا لەناکاو هەندێک کەس دەستیان دایە ئاژاوەگێڕی و دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر ئەوانی تر.
سەرۆکی پۆلیس سەبارەت بەم ڕووداوە ڕایگەیاند کە پۆلیسی مانهاتن لەم ململانێیەدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ئاگاداری و سەدان ئەفسەری پۆلیس ڕەوانەی ناوچەکە کران.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ناوچەکە وەستابوون زیانێکی زۆریان پێگەیشت.